پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای نیزامی ئێران

پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای نیزامی ئێران
پەیامی کورد   ...   پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەلایەن دادگای باڵای نیزامی ئێران

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری پەخشان عەزیزی، زیندانیی سیاسیی زیندانیکراو لە زیندانی ئێڤین، ڕایگەیاند حوکمی لەسێدارەدانی ناڕەوای موەكەلەكەی لە دادگای باڵا پشتڕاستكرایەوە.

هەروەها ڕایگەیاند، لقی ٣٩ی دادگای باڵا بەبێ گوێدانە کەموکوڕییەکانی دۆسیەکە ئەم بڕیارەی پەسەند كردووە.

ڕەئیسیان لە ڕوونکردنەوەکەیدا ووتی : دوای دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، داواکاری تانەمان تۆمار کرد. "بەداخەوە لقی ٣٩ی دادگای باڵا بەبێ ووڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەكە سزای لەسێدارەدانی پەسەند کرد".

پارێزەرەکەی عەزیزی ئاماژەی بە ووڵام نەدانەوەی دادگا کرد و گوتی: "هیچ یەكێك لەو ناڕەزایەتیانەی لە دۆسیەکەدا هاتوونەتە ئاراوە، بە شێوەی فەرمی و جەوهەری، لەبەرچاو نەگیراون و کەموکوڕیەکانی لێکۆڵینەوەکە پشتگوێ خراوە". ئەو بەڵگەنامانەی کە بێتاوانیی خاتوو عەزیزی نیشان دەدەن و چالاکییەکانی لە ناوچە شەڕلێدراوەکانی سووریا کە زۆربەیان مرۆیی بوون، لەبەرچاو نەگیراون.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە لەگەڵ ڕێوشوێنی دادوەری ووڵات و ئەو سیاسەتانەی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان هەیە، دژایەتی هەیە.

ڕەئیسیان هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە لێکۆڵینەوەکەدا چاوەڕوان دەکرا لێکۆڵینەوە لەو دامەزراوە پەیوەندیدارانەی شاری مەهاباد و پارێزگا سنوورییەکان بکرێت کە ئاگاداری چالاکییەکانی موکلەکەین.

لە کۆتایی دا پارێزەری بەرگری لە خاتوو عەزیزی نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: بەم نزیکانە داواکارییەک بۆ دووبارە دادگایی کردنەوە پێشکەش بە دادگای باڵا دەکەین و هیوادارین لقی پەیوەندیدار گرنگی بە کەموکوڕییەکانی دۆسیەکە بدات و ڕێگری لە پەسەندکردنی ئەم حوكمە ناڕەوایە بكات."
 

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە