گرووپی حەماس ووڵامی خۆی بۆ ڕەشنووسی ڕێککەوتنی بارمتەكانی ئیسرائیل خستەڕوو
پەیامی کورد ... گرووپی حەماس ووڵامی خۆی بۆ ڕەشنووسی ڕێککەوتنی بارمتەكانی ئیسرائیل خستەڕوو
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی بە پشت بەستن بە ئاژانسی هەواڵی ئەلعەرەبیەی سەر بە سەعوودییە بڵاویکردەوە، گرووپی حەماس ووڵامی ڕەشنووسی ڕێکەوتنی بارمتەكانی پێشکەش کردووە، بەڵام ووردەکاری زیاتری ووڵامەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عیبری ئەم ڕاپۆرتەیان بە قبووڵکردنی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن حەماس ەوە لێکداوەتەوە.
هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، کە فەرمان بە دوو وەزارەتی حکوومەت دراوە خۆیان بۆ وەرگرتنی بارمتە ئازادکراوەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئامادە بكەن.
بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، گرووپی حەماس خوازیاری ئازادی بەشێك لە زیندانیانی ئەمنیەتی، ٩ بۆ ١١ بارمتەی پیاوی بەساڵاچوو و کەمئەندام لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا بووە.
ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆحە ڕەشنووسی کۆتایی ڕێککەوتنەکەی گەیاندووەتە هەردوولا و دانووستانەکان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی دا لە نێوان تیمی دانووستانکاری ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی قەتەر و نوێنەری دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە.
هەروەها کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ڕەشنووسەکە بە شێوەیەکی گشتی لە لایەن ئیسرائیل ەوە پەسەند کراوە و ئێستا هەموو شتێک بە ڕێککەوتنی محەممەد سینوار، سەرۆکی گرووپی حەماس لە غەززە، بەندە.