ئەنجوومەنی وەزیران واژووکردنی هەردووڕێککەوتننامەکەی بواری ووزەی تاوتوێ کرد

پەیامی کورد ... ئەنجوومەنی وەزیران واژووکردنی هەردووڕێککەوتننامەکەی بواری ووزەی تاوتوێ کرد
ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە هەڵوێستی ئەمریکا دەکات و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانیەکەی لە قەوارەی دەستووری هەرێم و زامن کردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور
چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ واشینتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە حەفتەی ڕابردوودا و واژووکردنی دوو ڕێککەوتننامە لە بواری ووزە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی( HKN ) و ( (WesternZagros))
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرینگی سەردانەکە کرد و ڕوونیکردەوە کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت، سەرۆک وەزیران هەروەها پشتیوانی واشینتۆنی بۆ قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرینگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستەمی فیدڕاڵی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووری هەرێم.
پاشان سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرینگی واژووکردنی ڕێککەوتننامەکانی بواری ووزە کرد لەگەڵ هەر دوو کۆمپانیای ئەمریکی ( HKN و WesternZagros ) کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریکاشەوە بە گەرمی پاڵپشتی لێکرا و ئەو دوو ڕێککەوتننامەیە، سوودیان بۆ هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراق دەبێت. ئینجا پوختەی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی لە واشینتۆن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمریکا خستەڕوو. لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستەمی فیدڕاڵی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.
سەبارەت بەکۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەرۆک وەزیران ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی ئەمریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ دا دووپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ میوانداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان. دواتر هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە بە پێی تایبەتمەندی خۆیان، ووردەکاری زیاتری کۆبوونەوە و دیدارەکانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو. لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد و ڕێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستووری هەرێم و زامن کردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور. ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانووستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بوودجەی گشتی فیدڕاڵی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندی هەمووان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە.





