وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ووڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ووڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە
پەیامی کورد    ...   وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ووڵامی وەزارەتی دارایی عێراق دەداتەوە

وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان ووڵامێکی بە زمانی عەرەبی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە: ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستووری عێراقە، دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داھاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی.

وەزارەتی دارایی لە ووڵامێکیدا کە بە زمانی عەرەبی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی کردووە، ڕایگەیاندووە: ئەو ڕێچکەیەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتە بەر، لە دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان بە پشت بەستنی خەرجی کردەیی (الإنفاق الفعلی)، دژی بنەماکانی دەستووری عێراقە، دیاریکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان پێویستە پشت بە داھاتە فیدڕاڵییەکان ببەستێت نەک خەرجی فیعلی.

وەزارەتی دارایی دەڵێ: بنەمای دەستووری لە ماددەی ١٢١/دووەم ئاماژەیە بۆ دابینکردنی داھاتەکان لەسەر بنەمایەکی دادپەروەر بۆ ھەرێمەکان و پارێزگاکان، بەشی ھەرێمیش پێویستە بەشێوەیەکی فیدراڵی بێت نەک لەسەر ئینفاقی فیعلی.

ھەروەھا ئەمەش ھاتووە: بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ژمارە ٢٢٤ و ٢٦٩ لە ٢٠٢٣ لە ٢١ی ٢ی ٢٠٢٤، تێیدا سەرفکردنی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینانی ھەرێمی لە بوودجەی ساڵانەدا ئاماژە پێداوە. ئەم بڕیارەش لە وەزارەتەکەتان لە سەرەتای مانگی شوباتی ٢٠٢٤ دەستی پێکردووە. ئەمەش مەبەست ئەو تەرخانکردنانەیە کە لە یاسای بوودجەدا ھاتووە نەک ڕێژەی (١٢،٦٧%) لە ئینفاقی فیعلی.

ئاماژە بەوەش دراوە کە لەسەر لیستەکانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بەخشینی گیراوانی سیاسی و پێکراوانی چەکی کیمیایی لە ھەرێم ڕێککەوتن کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی خەمڵاندن و دابینکردن بۆ ساڵی ٢٠٢٥ کە دەرەنجامی ئەوە بریتی بووە لە دابینکردنی ١٣ ترلیۆن و ٣٣٤ ملیار و ٥٨٧ ملیۆن دینار، کە دواتر وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق ٤ ترلیۆن و ٢٢٣ ملیار و ٦٢٥ ملیۆن و ١٦٥ ھەزار دیناری تەرخان کردووە، کە بڕی ماوە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بریتیە لە ٩ ترلیۆن و ١١٠ ملیار و ٨٣٥ ملیۆن دینار.

دەشڵێ: ئەوەی لە نووسراوەکەتاندا خراوەتە ڕوو بریتییە لە کۆمەڵێک ژمارە و بۆچوون لەسەر ڕوانگەی ناوەندی و تەفسیری یەکلایەنە، وەکوو ھەژمارکردنی بڕەکانی ئیراداتی نانەوتی کە دەچیتە سەر خەزێنەی فیدراڵی بە پێچەوانەی ئەوەی لە یاسای بوودجە و مادەی ٢٩ی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠١٩ی ھەموارکراو ھاتووە.

ئەوەش ھاتووە بەپێی دەستوور و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر ناردنی مووچە بەردەوام بێت. بەتایبەت کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ھەرێمی کوردستان لە میلاکاتی نوێ و پلەی نوێ بێبەش کراوە، بەبێ ڕەچاوکردنی دادپەروەری لەگەڵ بەشەکانی تری عێراق، ھەروەک چۆن حکوومەت بە قەرەبووی قوربانییانی پرۆسەکانی ئەنفال و جینۆسایدی بەکۆمەڵی کورد و قوربانییانی چەکی کیمیایی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ھەڵنەستاوە، لە بەرانبەردا ھەموو پاساوێک بۆ نەناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان بەکار دەھێنن.

 

ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە