ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێک بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتی بۆ ساڵی 2025 دەدات

ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێک بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتی بۆ ساڵی 2025 دەدات
پەیامی کورد   ...   ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێک بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتی بۆ ساڵی 2025 دەدات

ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوام دابن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، بە ناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری و تیمەکەی کرد بۆ هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونیان بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنێکی گشتگیری هاوسەنگ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی ساڵی 2025، بە ئاراستەی کۆتاییهێنان بە نیگەرانی و نەهامەتی مووچەخۆران، کە بە هۆی دواکەوتنی مووچەکانیان لە ماوەی ڕابردوودا، زەحمەتی زۆریان بینی و سەرۆک وەزیران سوپاسی پشوودرێژی مووچەخۆرانی کرد و دڵنیایی دا کە حکوومەتی هەرێم، درێغی ناکات لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی ڕێكکەوتنی ئەم دوایی یە لەمبارەیەوە.

سەرۆک وەزیران هەروەها سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵیشی کرد، بۆ ڕۆلیان لە گەیشتنن بەم ڕێککەوتنە لە بارەی بوودجە و هەروەها هەموارکردنی یاسای بوودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانووستانکار، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، هەر لەمبارەیەوە و لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنە، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتی بۆ ساڵی 2025 لە بەر ئاماژەدان بە دوا ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم.

ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی دا کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لە پێناو زامن کردنی مووچەی هەر دوانزدە مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگری لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبوونی بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لەسەر تاسەری هەرێم .

دواتر هیوا ئەفەندی سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی بەئەلکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی خستەڕوو، کە بۆ یەکەم جار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە ، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاری باشی کردووە و کاریگەری بەرچاوی هەبووە.

لە بڕگەی دووەم دا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ کرد تایبەت بە ماددەی 12 لە یاساکە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، كە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازی لە هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات و بەهەنگاوێکی گرینگی لە قەڵەم دا بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە بەهۆی ڕاگرتنیەوە، زیانێکی زۆر بەر بوودجەی گشتی کەوتووە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندی خۆی بە هەمواری یاساکە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتیە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێ بکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتی فیدڕاڵی.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025 بۆسەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوو.

05 شوبات 2025

ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە