بریکاری وەزارەت ووردەکاری بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرا دەکات

بریکاری وەزارەت ووردەکاری بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرا دەکات
پەیامی کورد   ...   بریکاری وەزارەت ووردەکاری بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرا دەکات

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان دەڵێ "بەھۆی بڕیارێکی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ژمارەیەکی بەرچاوی کوڕ و کچی شەھیدان سوودمەند دەبن." 

د.ناڤسەر نووری عەبدال، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، ڕایگەیاند "بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی دارایی کەس وکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە ‌ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ کچ و کوڕی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە پێشینەی ھاوسەرگیری دەرکردووە کە پێشتر لەڕێگەی بانکەکانەوە لێی سوودمەند بوونە." 

بریکاری وەزارەتی شەھیدان دەشڵێت "پێش قەیرانی دارایی حکوومەت پێشینەی ھاوسەرگیری بەسەر ئەو کەسانەدا‌ دابەشکرد کە پرۆسەی ھاوسەرگیرییان پێک دەھێنا، بەڵام ھەر ئەوکات وەک مینحە پێنج ملیۆن دینار بە ‌ھەر کوڕ و کچێکی شەھید درا کە چوونە پرۆسەی ھاوسەرگیرییەوە و پارەکە دیاری بوو." 

د.ناڤسەر ڕوونیشی کردەوە "لە ‌دەرەوەی مینحەی وەزارەت کوڕ و کچی شەھیدان پێشینەی ھاوسەرگیرییان لە بانکە ئەھلییەکان وەرگرتووە، کە بۆ خەڵکی ئاساییش ھەبووە، ئێستا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە ھەر کوڕ و کچێکی شەھید پێشینەی ھاوسەرگیری لە بانک وەرگرتبێت، لێخۆشبوونی بۆ دەردەکرێت و بڕیارەکە زیندانیانی سیاسیش دەگرێتەوە، تەنیا یەک مەرج ھەیە، کە پێویستە پێشتر ئەو کەسە لە مینحەی حکوومەت سوودمەند نەبووبێت." 

ھەر کەسوکارێکی شەھید و ئەنفالکراو بۆ ھەر زانیارییەک دەتوانێت سەردانی بەڕێوبەرایەتی شەھیدانی سنووری خۆی بکات بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری پێویست. 

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە