یادی جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار بارزانی دەکرێتەوە

پەیامی کورد ... یادی جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار بارزانی دەکرێتەوە
بەڕێوبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران ئاماژەی بۆ ئەوە کرد " یادی جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار بارزانی بەرز ڕادەگیرێت."
کاوە کەریم کاوە، بەڕێوبەری گشتی شەھیدان و ئەنفال کراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕایگەیاند ڕۆژی ٧/٣١ی ھەموو ساڵێک یادی جینۆسایدکردنی ھەشت ھەزار ھاووڵاتی سڤیلی بارزانییە بەدەستی ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە، کە بە شێوەیەکی دڕندانە ھەشت ھەزار بارزانی لە ساڵی ١٩٨٣ زیندەبەچاڵ کرد."
بەڕێوبەری گشتی شەھیدان و ئەنفاکراوانی سۆران دەشڵێت "ساڵانە ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت و بە ئامادەبوونی کەسوکاری شەھیدان و بەرپرسانی حزبی و حکوومی ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەوەتەی ڕووفاتی شەھیدانی جینۆسایدی بازرانییەکان گەڕاوەتەوە، ڕێوڕەسمەکە گەورەتر بووە."
کاوە کەریم ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "بەسەرپەرشتی نووسینگەی بەڕێز مەلا مستەفا بارزانی لە دەڤەری بارزان، یادی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بەرز ڕادەگیرێت، لەو یادەدا ئەوە بەبیر خەڵکی کوردستان و جیھان دێنینەوە، تاکە تاوانی ھەشت ھەزار ھاووڵاتی سڤیلی بارزانی کوردبوون بووە، کە دوور لە ھەموو بەھایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی لەلایەن ڕژێمی ئەوکاتی عێراقەوە شەھید کران."
ڕۆژی ١٩٨٣/٧/٣١ بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی ڕژێمی بەعس پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان بەڕێوەچوو و تێیدا لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا لە ھەریەک لە ئۆردووگاکانی قوشتەپە، بەحرکە، ھەریر و دیانا، ھەشت ھەزار ھاووڵاتی بارزانی دەستگیر کران و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندەبەچاڵ کران."





