سەفین دزەیی : لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆمان دەربارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد

پەیامی کورد ... سەفین دزەیی : لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا گفتوگۆمان دەربارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتە جیاجیاکانی ئەمریکا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و هێرشە درۆنییەکانمان کرد بۆ سەر هەولێر.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەینی، 25ـی تەمووزی 2025، ڕاگەیاند، "لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکا بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنی دوو مانگ پێش ئێستامان کرد لەبواری ووزە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتە جیاوازەکان و کۆنگرێس، دەربارەی کۆتا پێشهاتەکان کە لەناوچەکە ڕوویانداوە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنمان بۆ کرد.
سەفین دزەیی ووتی، "پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی بوودجە و مووچە و هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە و دیدارەکان بوون.
هاوکات پێنجشەممە، لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێڵکدا لە واشنتن، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هێرشە درۆنییەکان کاریگەریان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت هەبوو و داوامان لە بەغدا کردووە لێژنەیەک پێک بهێندرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هێرشانە بێت، چوونکە بەهۆیانەوە چوار کێڵگەی نەوتی زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە




