جەنابی سەرۆك ببوورە " پەیامی ژنێکی شاعیر"

پەیامی کورد ... جەنابی سەرۆك ببوورە " پەیامی ژنێکی شاعیر"
كەژاڵ نوری
ببوورە جەنابی سەرۆك ببوورە، چارەكە سەدەیەكە رقم لێتە، چارەكە سەدەیەكە دژایەتی خۆت و حزبەكەت دەكەم، ئاخر من وا تێگەیندرابووم كە تۆ خەڵكت برسی كردووە، خەڵك دەچەوسێنیتەوە، مووچەی خەڵك دەخۆیت و نایدەیتەوە، خزمەتگوزاریت لێ گرتوونەتەوە، بەڵام ببوورە من هەڵە بووم، ئاخر چۆن بزانم ئەم بانگەشانە هەمووی درۆی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی شەریكە دەسەڵاتە؟ بەناو پەرلەمانتاری ناڕازی مووچە قەبەی مووچە دۆلارە؟ بەناو ناڕازی دەروون پڕگرێیە؟ هەڵە بووم گەورەم هەڵە بووم.
سوپاس بۆ حاجی كاروان و رێكخراوی بەخشین، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بە ملیۆنان دۆلاریان لێ زیادە، بە خۆڕایی دەیبەخشن بە گەلانی ناوچەكە، سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی سەلماندیان كوردی باشوور یەك كەسی هەژار و بێ پارە نییە، ئەوان تێیان گەیاندم كە تۆ مووچەی كەست بلۆك نەكردووە، ئەی ئەوە نییە چۆن لە حەوتی ئۆكتۆبەرەوە ئەوە چەندەمین جارە هەڵمەتی كۆكردنەوەی پیتاك بەڕێوە دەچێت بۆ غەزە؟ ئەی ئەوە نییە هەر ماڵێك چوار پێنج ئۆتۆمبێلی گرانبەهای لە بەردەرگا راگرتووە؟ ئەی ئەوە نییە هەموو خەریكی جوانكارین؟ ئەی ئەوە نییە هەموو خەریكی خڕكردنی سمت و دەم وچاو و لچن؟ ئەی ئەوە نییە هەموو خەریكی ناوماڵ گۆڕینن هەموو ساڵێك؟ ئەی ئەوە نییە هەموو خانووەكانیان بردووەتە بان هەور؟ نازانم من بۆ ئەمانەم نەدەبینی...
ئەی ئەوە نییە هەموو ئەگەر ئۆتۆمبێلی كیلۆمەتر سفریان پێ نەبێت، خۆیان بە پیاو نازانن؟ ئەی ئەوە نییە ماڵی دووسێ مووچەخۆریان تێدایە كە زۆربەیان دەوام ناكەن و ساڵی دوو سێ مانگیش مان دەگرن، كەچی هەموویشیان دوای دەوامی فەرمانگەكانیان لە بازاڕی ڕەشدا خەریكی كاركردنن؟ ئەی ئەوە نییە زۆرینەی خەڵك لەگەڵ مووچەكانیاندا یەكی دوو سێ ئیشی رەشیش دەكەن؟ ئەی ئەوە نییە كۆی كۆمەڵگە بووە بە حاجی و عەمرەكار؟ ئەگەر پارەیان نییە چۆن هەموو ژن و مێردەكان یەكی چوار پێنج حەج و عەمرەیان دەكرد؟ باسێ چی بكەم چی؟
باسی ئەوە بكەم كە خەڵك فێری نووزە نووزی بەردەم مایكی سەرشەقام بوون، كەچی پارەیان هەیە بینێرن بۆ غەزە؟ باسی ئەوە بكەم كە 10%ی كوردستان كرێنشین نین و هەموو خانووی خۆیانە، لەگەڵیشیدا یەكی شوقەیەك و خانوویەكی تریان هەیە، كەچی هەر دەڵێن پارەی مریشكێكمان پێ نییە؟
باسی ئەوە بكەم هەموو بن دیوارن؟ باسی ئەوە بكەم هیچ ماڵێك ئامادە نییە وەك من سەلاجە و تەلەڤزیۆن و جلشۆرەكەیان لە دەستی دوو كڕیبێت و هەموویان ئاخر مۆدێلی كەرەستە كارەباییەكانیان هەیە؟ یان باسی تەلەفۆنە مۆدێل بەرزەكانیان بكەم؟ باسی ئەوە بكەم دەفتەرە دۆلاریان دەدا بە ژمارەی جوانی ئۆتۆمبێل و سیمكارتی تەلەفۆن؟ یان دەیانگوت با ژمارەی ئۆتۆمبێل و تەلەفۆنەكانمان هەمان ژمارە بێت، قەینا چەند گرانیش بێت دەیكڕین؟
باسی ئەوە بكەم كە لە كاتی دوانەكەوتنی مووچەدا، خانمان لە نیوەڕۆدا دوو مریشكیان بۆ دوو نەفەر لێ دەنا، كەچی نیو مریشكیان دەخوارد و مریشك و نیوێكیان دەكردە تەنەكەی خۆڵەكەوە و دەیانگوت بۆ ئێوارە كۆن دەبێت؟ باسی ئەوە بكەم كە رێژەی عەمرەكار و حەجاجی كورد لە هەموو گەلێك زیاترە، بە عەرەبەكەیشەوە كە ئاینی خۆیانە؟ باسی ئەوە بكەم كە كەس بڕوای بە پارەخستن نەبوو بۆ رۆژی تەنگانە، كەس ئامادە نەبوو ئەو سفرەیەی هەموو ژەمێك 100 دۆلاری دەخستە سەر، ئەگەر لێی مایەوە فڕێی نەدا و بیهێڵێتەوە بۆ ئێوارە؟ كەچی من لە دڵی ئەوروپادا، شلەی سێ ڕۆژ هەڵدەگرم و گەرمی دەكەمەوە؟. باسی ئەوە بكەم قەنەفەكەی ژێرم دڕاوە، ئۆتۆمبێلم نییە و ناشتوانم بیكڕم، كەچی بووبووم بە پوورەخەمەی هەمووان و جنێوبارانی تۆم دەكرد؟
باسی ئەوە بكەم كە بایكۆتی هەموو راگەیاندن و تیڤی و رۆژنامەكانی پارتیم كردبوو، ئامادەی خوێندنەوە و تەماشاكردنیشیام نەبوو، باسی ئەوە بكەم بایكۆتی هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتیم كردبوو، هیچ كەسیانم لە سۆشیال میدیا نەدەكرد بە هاوڕێ و ئادی پارتییەكانم وەرنەدەگرت (هیوادارم لە دوای ئەم نووسینەوە پارتییەكان بە لێشاو ئادم بۆ بنێرن)، باسی چیتر بكەم چی؟
پەشیمانی لە چی دەرببڕم جەنابی سەرۆك؟ ئەی ئەو سەرۆكەی كە چووبوومە خەوێكی ئەوەندە قووڵەوە و بێئاگا كەوتبووم، هەرگیز تۆم بە سەرۆك نەدەزانی، تا ئیسلامی سیاسی بە زلەیەك لە پەناگوێمیان دا و خەبەریان كردمەوە، بمبوورە، من چۆن بزانم هەرچیت پێدەڵێن درۆیە؟ هەرچی دەكەن بەرانبەرت ناهەقییە؟ ئەوەی رقی لێت بێت نائاگایە؟ خۆش خەیاڵە، كەچی منیش یەكێك بووم لەوان.
ئیتر وەئاگا هاتم! خۆش خەیاڵ نابم، لە بەرژەوەندییەكانی خۆم نادەم لە پێناوی گەلێكی پۆشتەوپەرداخی تێروپڕی پارەزۆری خێرخوازی پارەبەخش، كە هەر لە خۆیەوە فێر بووە بۆڵەبۆڵ و نووزە نووز بكات، ئەگەرنا هیچیان بێ پارە نین. ببوورە سەرۆك ببوورە، هەڵە بووم كە لە 2015 و 2016وە زۆرینەی درووشمی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی و دەربەندیخان من نووسیبوومەوە كە بە موكەبەرە دەووترانەوە.
بەس ئاخ، درەنگ لەو خەوە قووڵە وەئاگا هاتم كە دەبوو هەر لە سەرەتاوە لێم نەكەوێ، بمبوورە و هیوادارم لێم قبووڵ بكەیت پێت بڵێم، وامزانی رادیۆیە! ئەم رادیۆیەم لێ قبووڵ بكە تكایە...
وای چەند هەڵە بووم وای!
چۆن بەرژەوەندی خۆم و ماڵ و منداڵم سووتاند
چیم ووت و چیم كرد، رادیۆ بوو، ببوورە ئەی ئەو سەركردە مەزنەی من غەدرم لێ كردیت، بەڵام تەنیا یەك گلەییم لە خۆت و دەسەڵات هەیە، چۆن سیستەمێكی تۆكمەی فەرمانگەی باجت نییە بۆ رێگریكردن لە ناردنە دەرەوەی ملیۆنان دۆلاری سامانی نیشتمانی، بەناوی خێرخوازییەوە بە ڕەش و بە قاچاخ؟ سەرۆك من كە بە گەشت دێمەوە كوردستان، لە 10 هەزار یۆرۆ زیاترم هەڵگرتبێت، لە فڕۆكەخانەكانی ئەورووپا لێكۆڵینەوەم لەگەڵ دەكرێت كە چۆن و بۆچی ئەو بڕە پارە زۆرە دەبەمە دەرەوەی ووڵات، بەڵام بۆ لە كوردستان ئەو هەموو پارەیە بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە؟
سەرۆك تۆ دەزانیت لە كۆی هەموو ووڵاتە عەرەبییەكان، كۆكردنەوەی پارە بۆ غەزە قەدەغە كراوە، تەنیا لە كوردستان نەبێت؟ سەرۆك تۆ دەزانی كورد باجی گەورەی ئەو هاوسۆزییە كوێرانەیەی خۆی دەدات كە ئیسلامی سیاسی و ئیخوانییەكان درووستیان كردووە بۆ فەلەستین لە دژی ئیسرائیل؟ تۆ دەزانی حكوومەتی ئیسرائیل و گەلی جوو، ئەمەیان لەبیر ناچێ و ئەو دڕكەمان لە ژێر پێ دەردەهێنن؟ نۆرەی من و تۆش دێت، هاكا ئیسرائیل رووی لە گەلی كوردی باشووریش كرد و گوتی : The Next!





