پهیامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له یادى ئهنفالى بارزانی یەکاندا

پەیامی کورد ... پهیامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له یادى ئهنفالى بارزانی یەکاندا
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جێنۆسایدی بارزانییەکان دا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: دەستی ئەو دایکە دڵسۆزانە ماچ دەکەم کە بە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان، منداڵەکانیان پەروەردە و گەورە کرد.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ چل و دوو ساڵ بەسەر تاوانی سامناکی ئەنفالکردنی ھەشت ھەزار ھاووڵاتی سڤیلی بێ تاوانی بارزانی دا تێدەپەڕێت. لەم یادە خەمگینەدا، سەرمان لەبەردەم گیانی پاکیاندا دادەنوێنین و بەوپەڕی ڕێز و وەفادارییەوە بەبیریان دەھێنینەوە.
ئەنفالکردنی بارزانییان لەلایەن ڕژێمی ئەوسای عێراقەوە، بەردەوامی زنجیرەیەک تاوان بوو بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان و قڕکردنی، بەڵام لەبەردەم خۆڕاگری و کۆڵ نەدانی کوردستانییان دا شکستی ھێنا و بووە پەڵەیەکی ڕەش بە ناوچەوانی ئەنجامدەران یەوە.
دایکان، خوشکان، ھاوسەران و خێزانە بارزانییەکان دوای ئەو کارەساتە، دەردەسەری و نەھامەتییەکی بێ ھاوتا ژیان، ناچار بوون بەرگەی نەبوونی و ھەژاری و ژیانێکی سەخت و دژوار بگرن. دەستی ئەو دایکە دڵسۆزانە ماچ دەکەم کە بە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان، منداڵەکانیان پەروەردە و گەورە کرد.
لەم یادەدا جەخت لە مافەکانی تەواوی قوربانییانی ئەنفالی بارزانییان و شاڵاوەکانی ئەنفال و ھەموو قوربانییانی ڕژێمی پێشوو دەکەینەوە. ئەرکی حکوومەتی عێراقە کە ھەرچی پێویستە بیکات بۆ بەدیھاتنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی کەس وکاری قوربانییان.
با ڕابردوو و ئازار و تاڵییەکانی ببنە پەند و وانە و ھاندەر تا ھەموو پێکھاتەکانی عێراق پێکەوە بە یەکترقبووڵکردن و ڕێزلەیەکگرتن و لێبوردەیی، ئاشتییانە و شکۆمەندانە بە ئازادی و سەرفرازی بژین و بێ جیاوازی ووڵات کۆکەرەوەی ھەمووان بێت.
سڵاو لە یادی ئەنفالکراوانی بارزانی و تەواوی شەھیدانی کوردستان، ڕێز و پێزانین بۆ ھەموو ئەو جوامێرانەی لە ھەولێر و ناوچەکانی، بەھانای بارزانییە لێقەوماوەکانەوە چوون و یارمەتییان دان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٥/٧/٣١
ئەم بابەتە 8 جار خوێندراوەتەوە




