پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی چل و دوو ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان

پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی چل و دوو ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان
پەیامی کورد   ...   پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی چل و دوو ساڵەی ئەنفالی بارزانییەکان

سەرۆک بارزانی، لە یادی ٤٢ ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەکانی تر بوو عەقلیەتی شۆڤینی و نکۆڵیکاری بوو کە بۆ ھەموو عێراق بووە سەرچاوەی نەھامەتی و دواکەوتن. دەبێ ھەموو لایەک بزانن ھەتا ئەو عەقلیەتە مابێت، عێراق ھیچ کات ناحەسێتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لە درێژایی ساڵ دا کەم ڕۆژ ھەن یادی کارەسات و تاوان و زوڵمێک نەبێ کە لە لایەن حکوومەتەکانی عێراق دەرھەق گەلی کوردستان نەکرابێت. چل و دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ ڕژێمی پێشووی عێراق ھەشت ھەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵ ھەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵان بەزۆر ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراقی کردن و لەوێ دڕندانە کۆمەڵکوژی کردن. ئەو تاوانە بەشێک لەو تاوانانە بوو کە بەسەر ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا ھاتووە، ھەر لە بێسەروشوێن کردنی دوازدەھەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، کیمیاباران کردنی ھەڵەبجە و دەڤەرەکانی تری کوردستان بگرە ھەتا تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆری ھاووڵاتیانی کورد.

ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەکانی تر بوو عەقلیەتی شۆڤینی و نکۆڵیکاری بوو کە بۆ ھەموو عێراق بووە سەرچاوەی نەھامەتی و دواکەوتن. بە داخەوە ھێشتا ھەندێ کەس ھەن کە عیبرەتیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و ھەر بەو عەقلیەتە سیاسەت دەکەن. دەبێ ھەموو لایەک بزانن ھەتا ئەو عەقلیەتە مابێت، عێراق ھیچ کات ناحەسێتەوە.

لە یادی ئەنفالی بارزانییەکان دا سوپاسی جەماوەری دەشتی ھەولێر و ھەریر و سۆران دەکەم کە لەم ڕۆژە سەختانەدا ھاوسۆزی بارزانییەکان بوونە و یارمەتییان داون. پێزانینم بۆ خۆڕاگری کەس وکاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانیانە ھەیە کە ساڵانێکی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە. لەو یادەدا ھەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و ھەموو شەھیدانی ئەنفال و شەھیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان دەنێرین.

 

مەسعوود بارزانی

٣١ـی تەمووزی ٢٠٢٥

ئەم بابەتە 7 جار خوێندراوەتەوە