سیداد بارزانی داوای لە كوردستانیان كرد دەنگ بەو لایەنە بدەن كه بەرگریتان لێ دەكات

پەیامی کورد ... سیداد بارزانی داوای لە كوردستانیان كرد دەنگ بەو لایەنە بدەن كه بەرگریتان لێ دەكات
سیداد بارزانی بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر پەیكەری شەهید وەیسی بانی، شەهیدی ناسراوی كوردستان و سیمبولی بەرخودانی دەڤەری شێخان کرد و لە ڕێوڕەسمەکەدا، داوای لە هاونیشتمانیان كرد لە ڕۆژی دەنگدان دەنگ بەو لایەنە بدەن كە دڵنیان بەرگری لە مافەكانتان دەكات.
لە دەڤەری شێخان، پەردە لەسەر پەیكەری شەهید وەیسی بانی، شەهیدی ناسراوی كوردستان و سیمبولی بەرخودانی دەڤەری شێخان لادرا، سیداد بارزانی، بە نوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی لە مەراسیمەكە بەشداربوو.
سیداد بارزانی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ووتی، ئەو پێكەوەژیانە ئایینی و نەتەوەییەی لە دەڤەری شێخان هەیە، ڕەنگدانەوە و نموونەیەكی ئاشكرای ئەو برایەتی و تەبایی یەیە كە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دا هەیە.
سیداد بارزانی داوای لە كوردستانیان كرد لە ڕۆژی دەنگدان، ئەركی نیشتمانی سەرشانتان بەجێ بگەێنن و بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆتان بەو لایەنە بدەن كە دڵنیان بەرگری لە مافەكانتان و كەرامەتتان دەكات.
شەهید وەیسی بانی، سیمبولی خەبات و بەرخودانی كوردستانە كە هەر لەگەڵ گەڕانەوەی بارزانی نەمر لە یەكێتی سۆڤیەت، خۆی و چەندین كەسایەتی عەشیرەتی مزووری سەردانی بەغدایان كرد و چوونە پێشوازی بارزانی نەمر و هەر لەوێ بەڵێنی هاوخەباتی و تێكۆشانیان پێدا، تا ئەوەی لە 19-10-1978 گیانی خۆی پێشكەشی نیشتمان و خەباتی ڕەوای ڕزگاریخوازی كورد كرد.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە




