سەرۆكی حكوومەت : جووتسایدی بەردەڕەش - خەبات سوودی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت

سەرۆكی حكوومەت : جووتسایدی بەردەڕەش - خەبات سوودی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت
پەیامی کورد   ...   سەرۆكی حكوومەت : جووتسایدی بەردەڕەش - خەبات سوودی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت

پێنجشەممە 17/10/2024، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی بەردەڕەش - خەباتی دانا و لە ووتارێكدا ووتی: "جووتسایدی بەردەڕەش - خەبات كاریگەری لەسەر جمووجۆڵی بازرگانی لە ناوچەكە دەبێت و سوودی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت."

دەقی ووتارەكەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبوانی هێژا و قەدرگران

سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە هەمووان دەكەم

سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە كە بێینە خزمەتی ئێوە بۆ دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی بەردەڕەش - كەڵەك. ئەم ڕێگەیە بێگومان زۆر كاریگەر دەبێ و سوودی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت.

لەم كابینەیەدا ئێمە گرنگییەكی زۆرمان بە ژێرخانی دروستكردنی ڕێگەوبان لە سەرانسەری كوردستان داوە و هەرێمی كوردستان پێشكەوتنێكی زۆر بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، پاش ئەوەی ئەم ڕێگەوبانانە دروست كران، زۆر پرۆژەی دیكەش هەن بۆ ئەوەی هەموو كوردستان سوود لە ڕێگە و جووتسایدی پێشكەوتوو بە شێوازێكی پێشكەوتوو و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتیان ببینێت.

جێی خۆیەتی سووپاسی وەزیر و وەزارەت و كەرتی تایبەتیش بكەم كە هەموویان هاوكار بوون بۆ فراوانكردنی تۆڕی شەقام و رێگەوبانەكان لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان.

ئەم دوو سایدەی نێوان كەڵەك و بەردەڕەش، نەك هەر بە تەنیا كەڵەك و بەردەڕەش یان خەبات و بەردەڕەش پێكەوە گرێ دەدا، بەڵكوو ڕێیەكی گرینگی ئابووریشە كە پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای دهۆك و پارێزگای مووسڵیش پێكەوە گرێ دەدات. هەروەها زۆرجار بارهەڵگر كە دێنە هەرێمی كوردستان و بۆ بەشەكانی دیكەی عێراقیش دەچن، سوود لەم ڕێگەیە وەردەگرن.

ئەم ڕێگەیە رەنگە لە ئاستێكی باش نەبووبێت، مخابن زۆرجار ڕووداوی ناخۆشی لێ ڕووداوە، چوونكە لە ئاستێكی ستاندارد نەبووە و هاتووچۆیەكی زۆر و قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەر هەبووە. ئێستا بە درووستكردنی ئەو ڕێگەیەی كە بەم شێوازە دیزایین كراوە، ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە هەم هاتووچۆ ئاسانتر بێ، هەمیش سەلامەتتر بێت بۆ هەموو هاووڵاتیان.

ئێمە هەوڵ دەدەین ڕێگەكان باشتر بكەین، ئەوەی ئێمەش كردوومانە زیاتر بۆ سەلامەتی و خزمەتی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئەركێكی دیكەش دەكەوێتە سەر شۆفێر و هاووڵاتیانی كوردستان كە ئەوانیش پێویستە ڕێنماییەكانی هاتووچۆ لەبەرچاو بگرن، كاتێك شەقامەكان خۆش دەبن، مانای وا نییە كە دەبێ خێراتر لێبخوڕن، بەڵكوو ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن بۆ پاراستن و سەلامەتیی خۆیان و ئەو كەسانەی كە لەسەر ئەم شەقامە لە ئۆتۆمبێلی دیكەش دان. لەبەر ئەوە داوای ئێمە لە هەموو هاووڵاتیان ئەوەیە كە گرینگی بە سەلامەتی خۆیان و سەلامەتی خەڵكی دیكەی كوردستانیش بدەن.

دەڤەری بەردەڕەش یەكێكە لەو دەڤەرانەی كە زۆر شایستە و شایانی ئەوەیە كە خزمەتێكی زۆر بكرێت، بەداخەوە ئەو خزمەتگوزارییەی كە لەم دەڤەرانە هەبووە، لە ئاستی پێویست نەبووە و ئێمە حەزمان كردووە كە زۆر زیاتری بۆ بكەین، بەڵام مخابن ئەو ماوەیەی تێپەڕی لەبەر زۆر هۆكاران، بارودۆخ ڕێی نەداوە كە لە خزمەتی ئەو دەڤەرەدا بین، هەرچەندە شتی باش كراوە و لە بەرنامەشدایە ئەگەر خوا دەرفەت بدات و بەردەوام بین لە خزمەتی ئێوە، ئینشائەڵڵا شتی باشتریش دەكرێت، بە تایبەتیش لە كەرتی ئاو، كارەبا، ڕێگەوبان، تەندرووستی و قوتابخانە شت لەم دەڤەرە كراوە، بەڵام زۆر زیاتر پێویستە، بە تایبەتیش كە دەڤەرێكی زۆر فراوانە و گوندی زۆری لێیە. ئەوەی ئێمە پێمان بكرێ ئینشائەڵڵا كەمتەرخەمی ناكەین. هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم دەڤەرە زۆر بەسوودە، زێ زۆر لێیەوە نزیكە، ناوچەیەكی زۆر بەخێرە بۆ كشتوكاڵ، هەم بۆ كشتوكاڵ، هەم بۆ پیشەسازی، هەم بۆ گەشتوگوزاری دەتواندرێت ئەم دەڤەرە زیاتر پێش بخرێت و خزمەتێكی زۆر باشتر بكرێت، چەندی پێشكەوتن لەم دەڤەرەدا هەبێت، هاریكار دەبێت بۆ باشتركردنی باری ئابووری لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی. بەرهەمی ئەم دەڤەرە وەك برنج، پەتاتە، تەحین، ئێستا لە هەموو جێیەك بڵاو بۆتەوە، نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكوو گەیشتۆتە دەرەوەی كوردستانیش. هیوادارین ئەم بەرهەمانە زیاتر ببن و بە شێوازێكی باشتر و بە سوودوەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای نوێ ئێمە بتوانین ئاستی بەرهەمەكان باشتر بكەین و زیاتر بكەین، تاوەكوو لە رووی بازرگانیشەوە دەڤەری ئێوە چەندە گرنگە، زیاتر رۆڵی خۆی ببینێت بۆ باشتركردنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان.

هەروەك من باسم كرد، زێ لێرەیە و دەتواندرێت گەلێك پرۆژەی دیكەی گەشتیاری لەم دەڤەرە دروست بكرێ، لە رووی پیشەسازییەوە دەتواندرێت كە گرینگییەكی زیاتری پێبدرێت هەرچەندە ئێمە دەبینین پرۆژە دادەمەزرێن و هەن، ئینشائەڵڵا رۆژ بە رۆژ ئەم پرۆژانە زیاتر دەبن و خەڵكی ئێمەش زیاتر سوودمەند دەبن و سوودی لێ دەبینن.

جارێكی دیكە من خۆشحاڵم كە ئێمە لێرەین بۆ دانانی بەردی بناغەی دووسایدی بەردەڕەش - كەڵەك، هیوادارم لە كاتێكی زوودا كۆمپانیای جێبەجێكار ئەم شەقامە بە ئاستێكی باش و كوالێتییەكی باشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكات و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.

جارێكی دیكە سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە هەمووان دەكەم، هەر ساخ و سەلامەت بن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.