سەرۆکی حکوومەت ، بوودجەی پێویستی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای فەڕەنسوا ھەریری دابین کرد

پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت ، بوودجەی پێویستی بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای فەڕەنسوا ھەریری دابین کرد
دوای کۆتایی ھاتنی یارییەکانی یانەی ھەولێر لە سەر یاریگای خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە گوژمەی (١ ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دینار) لەسەر بوودجەی پارێزگای ھەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی " شەھید فەڕەنسوا ھەریری" کرا.
لەو بارەیەشەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دا، ڕایگەیاند: "لە ساڵیادی شەھیدی سەرکردە "شەھید فەڕەنسوا ھەریری" ئەو پیاوە گەورە و خەم خۆرەی یانەکەمان و وەرزش لە کوردستان، بڕیاری نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەمان ڕاگەیاند، ئەمڕۆش سوپاس بۆ سەرۆکوەزیران جەنابی مەسروور بارزانی، کە ڕەزامەندبوون لەسەر دەرخستەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە و بوودجەی پێویستی بۆ تەرخانکرا".
پارێزگاری ھەولێر ڕاشیگەیاند، بە ھۆی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق نۆژەنکردنەوەکە دواکەوت بۆ ئەوکاتە، ئەمڕۆش لەدوا یاری یانەکەمان کە بەداخەوە ئەنجامەکەی چاوەڕوانەکرابوو، بە گوژمەی (١ ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دینار) لە سەر بوودجەی پارێزگای ھەولێر، دەست بە نۆژەنکردنەوەی چیمەن و تراکی یاریگەکە لە جۆری (ھای بێرد) دەکرێت کە زۆربەی یاریگا گەورە و جیھانییەکان بەو چیمەنە فەرشکراون.
ئومێد خۆشناو ووتیشی، بەدڵنیایی یەوە پشتیوانیەکانمان بۆ یانەی ھەولێر بەردەوام دەبێت، لە سەرووی ھەمووشمانەوە پشتیوانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
جێگەی باسە، یاریگای "شەھید فەڕەنسوا ھەریری" یاریگایەکی نێودەوڵەتی یانەی ھەولێرە و لە ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ درووست بوونی یانەی ھەولێر دروستکراوە و لەکۆتای ساڵی ٢٠٠١ بەناوی شەھید "فەڕەنسوا ھەریری" کراوە، لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆتە یاریگایەکی نێودەوڵەتی، لە ئێستاش دا ئەو یاریگایە بۆتە بەشێکی دیار و بەرچاوە لە مێژووی شاری ھەولێر.





