فوئاد عەلیخانی، لاوێکی کورد و خەڵکی کرماشان لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کرد

پەیامی کورد ... فوئاد عەلیخانی، لاوێکی کورد و خەڵکی کرماشان لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی بەخت کرد
لە درێژەی سەرکوتی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە کاتی شەڕ و پاش ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل، فوئاد عەلیخانی، هاووڵاتی کوردی خەڵکی مایەشت سەر بە پارێزگای کرماشان لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی بەخت کرد .
بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە سەبارەت بە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی حکوومەتی ناوبراو هەڕەشەیان لێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک ، ڕۆژی دووشەممە ۲ی پووشپەڕ، فوئاد عەلیخانی، تەمەن ۴۱ ساڵ و خەڵکی گوندی "دەرەکە"ی سەر بە شاری مایەشت لەژێر ئەشکەنجە لە دەست بەسەرگەی سوپا گیانی بەخت کرد.
ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەست بەسەر کرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی فوئاد عەلیخانی، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ۱ی پووشپەڕ، لە خاڵێکی پشکنین لە ڕێگای گەڕانەوەی لە شاری کرماشان بۆ مایەشت بەناوی خاڵی پشکنینی "ئازادێگان" دوای بەرخۆدان بۆ پێدانی مۆبایلەکەی، لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسداران ەوە دەست بەسەر کرابوو.
ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئاسەواری شین بوونەوە لەسەر تەواوی جەستەی ئەو هاووڵاتییە دەبیندرا و ددانەکانی و سینگی لەژێر ئەشکەنجەدا شکێندرابوو.
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش ۲۴ کاتژمێر، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، بە بنەماڵەی فوئاد عەلیخانییان ڕاگەیاندووە کە تەرمی منداڵەکەیان لە نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان ە.
تەرمی ئەو گەنجە ڕۆژی سێشەممە بۆ پزیشکی داد گواستراوەتەوە و چوارشەممە بەخاک سپێردراوە.
بنەماڵە و کەسانی نزیکی فوئاد عەلیخانی سەبارەت بە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی حکوومەتی ناوبراو هەڕەشەیان لێ کراوە و پزیشکی داد لەژێر گوشاردا، هۆکاری کوژرانی ئەو هاووڵاتییەی بە ڕاوەستانی دڵ تۆمار کردووە.
شایەنی باسە کە فوئاد عەلیخانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاش یەک مانگ دەست بەسەربوون لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە





