سەرۆک بارزانی : شۆڕشی گوڵان سەلماندی كە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ئازادی هەرگیز ناشكێت

سەرۆک بارزانی : شۆڕشی گوڵان سەلماندی كە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ئازادی هەرگیز ناشكێت
پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی : شۆڕشی گوڵان سەلماندی كە ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ ئازادی هەرگیز ناشكێت

سەرۆک بارزانی لە چل و نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شۆڕشی گوڵان، یەکێکە لە گرینگترین وێستگەکانی بەرخودان و خەباتی گەلی کوردستان کە درێژکراوە و ھەڵگری پەیام و ئامانجەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی.

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

شۆڕشی گوڵان، یەکێکە لە گرینگترین وێستگەکانی بەرخودان و خەباتی گەلی کوردستان کە درێژکراوە و ھەڵگری پەیام و ئامانجەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. لە بارودۆخی نالەباری دوای نسکۆ و لە ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیارانی گەلی کوردستان تواندرا بە پلانێکی وردی تەنزیمی و سەربازی و بە ئیرادەیەکی بەھێز شۆڕشی گوڵان ھەڵبگیرسێت.

لە شۆڕشی گوڵان دا گەلەکەمان قوربانی زۆری دا، زۆر پێشمەرگەی قارەمان گیانی خۆیان فیدای کوردستان کرد، بەشێکی زۆری ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ئاوارەیی و ماندوویەتی و کۆڵنەدانیان ھەڵبژارد. شۆڕشی گوڵان بۆ ھەموو لایەکی سەلماند کە ئیرادەی تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستان بۆ ئازادی ھەرگیز ناشکێت و بەردەوام دەبێت.

لە چل و نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان دا، سڵاو بۆ گیانی یەکەم شەھیدی شۆڕشی گوڵان شەھید سەید عەبدۆڵڵا حاجی ئۆمەرانی و ھەموو شەھیدانی کورد و کوردستان دەنێرین، ھەروەھا پێزانینم بۆ ھەموو ئەو تێکۆشەر و پێشمەرگە و ئەو نیشتیمانپەروەرانە ھەیە کە ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵان دا ھەبوو و شانازییان بۆ گەلەکەمان تۆمار کرد.

 

مسعود بارزانی

٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥

ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە