سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شێخ و پیاو ماقوولانی عەرەب لە قەزای مەخمور کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شێخ و پیاو ماقوولانی عەرەب لە قەزای مەخمور کرد
دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مسعوود بارزانی پێشوازی لە شێخ و پیاو ماقوولانی عەرەب لە قەزای مەخمور کرد.
لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە دەربڕی و سوپاسی شێخ و پیاو ماقوولانی عەرەبی سنووری قەزای مەخمور و دەورووبەری کرد لەو ڕۆلە ئیجابییەی هەیانبووە بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و پاڵپشتیان بۆ پێکەوەژیان و پابەندبوونیان بەم کولتوور و برایەتی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی تری ئەو ناوچانە.
لە بارەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی ڕۆڵی شێخ و پیاو ماقوڵانی ئەو ناوچەیەی بە گرینگ وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە خەڵکی ئەو ناوچانە بە گڕووتینەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەو لایەنە بدەن کە ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی ناوچەکانیان، لە پێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی عێراق و ناوچەکە و پێشهات و گۆڕانگارییەکانی بە گشتی بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.
