فازل نەبی : ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق تا ئێستا بێ گرفتە

پەیامی کورد ... فازل نەبی : ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق تا ئێستا بێ گرفتە
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق ووتی "ئەو ڕێککەوتنەی ئەمساڵ لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراوە زۆر باشە، تا ئێستا بێ گرفتە و وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت، ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستانیش ھەنگاوێکی گرینگە و دەبێتە پاڵپشتێکی زۆر باش بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی داوای مافە دەستوورییەکانی خۆی لە بەغدا بکات."
دکتۆر فازل نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، ڕایگەیاند "ئەو ڕێککەوتنەی ئەمساڵ لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کراوە زۆر باشە، ھیوادارین لە جێبەجێکردنی گرفت درووست نەکرێت، چوونکە ئەوان داوای نیوەی داھاتی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ڕێککەوتنەکە تا ئێستا باش بەڕێوە دەچێت و ھیچ گرفتێکی بۆ درووست نەبووە، بەو شێوەیەی ئێستا مووچە مانگانە لەکاتی خۆی ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت."
دکتۆر فازل نەبی ووتیشی "یەکێکی دیکە لە ھەنگاوە باشەکان، دەست پێکردنەوەی هەناردەکرنی نەوتی ھەرێمی کوردستانە بۆ دەرەوە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەکی زۆر باش بۆ ھەرێمی کوردستان و وا دەکات کەمتر گرفت بۆ ھەرێمی کوردستان درووست بکرێت، چوونکە ھەرێمی کوردستان زیاتر پشت ئەستوور دەبێت بۆ داواکردنی مافە دەستوورییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و مامەڵەکردن لەگەڵیان، چوونکە ھەم داھات ڕادەستی بەغدا دەکرێت، ھەم نەوتی ھەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی زۆر گرینگە و لە بەرژوەندی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە، چوونکە داھات زیاد دەکات."
ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە




