وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکارییه‌كانی ڕۆژانی جەژن ده‌خاته‌ڕوو

وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکارییه‌كانی ڕۆژانی جەژن ده‌خاته‌ڕوو
پەیامی کورد   ...   وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکارییه‌كانی ڕۆژانی جەژن ده‌خاته‌ڕوو

بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتی، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، تەواوی ئامادەکاری لە ھەرێمی کوردستان کراوە، بۆ ھاتنی گەشتیارانیش لە عێراق لە ڕێگەی بازگەکان و لە دەرەوەش لە ڕێگەی ھەردوو فرۆکەخانەکان ئامادەکاری باش کراوە، بۆ ئەوەی پێشوازی لە ھاتنی گەشتیاران بکەن کە بۆ پشووی جەژنی ڕەمەزان دێنە ھەرێمی کوردستان، چوونکە ئێستا لە بازگەکان ئاسانکاری زۆر باش بۆ ھاتنی گەشتیاران دەکرێت."

ھێمن میرانی، بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ووتی، "وێڕای پیرۆزبایمان بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، بۆ ئامادەکاریش لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، ھێزە ئەمنییەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان دەسەڵاتیان پێدراوە پێشوەختە بەرنامەی خۆیان دابنێن، بەرنامەکان پێشتر بەھۆی پەیوەندی نێوان ھاووڵاتی و ھێزە ئەمنییەکان زۆر باش بەڕێوەچووە و لە بۆنەکانی ئەم مانگە کەمترین تاوان ئەنجام دراوە، بۆیە ئامادەکاری تەواو کراوە."

بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ووتیشی، "بۆ ھاتنی گەشتیاران، بەھۆی ھاتنە کایەی کۆمەڵێک سیستەمی دیجیتاڵی بە شێوەیەکی زۆر خێرا داتاکان لە بازگەکان تۆمار دەکرێن، ئەو گەشتیارانەی لە شارەکانی عێراق دێنە ھەرێمی کوردستان و پێشتریش ھاتوون داتاکانیان زۆر خێراتر تۆمار دەکرێت و کاروبارەکانیان بەڕێوە دەچێت، بۆ گەشتیارەکانی ڕێگەی ھەردوو  فرۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانییش ئامادەکاری تەواو کراوە و تیمەکان بەشێوەی بەردەوام لە ئامادەباشی دان و لەم ڕۆژانە بەردەوام لە ئەرک دەبن." 

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە