ئەگەری سزادانی سێ بانكی دیكەی عێراق بەهۆی هاوكاریكردنی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە

پەیامی کورد ... ئەگەری سزادانی سێ بانكی دیكەی عێراق بەهۆی هاوكاریكردنی ئێران لە لایەن ئەمریكاوە
ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر بانکەکانی عێراقدا تا دێت زیاتر دەبێت، ئەوەش لەچوارچێوەی سیاسەتی نوێی ئەمریکا بۆ زیاتر کردنی فشارەکانی سەر ئێران.
شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەو سیاسەتە نوێیەی دۆناڵد ترامپ، سەردەکێشێت بۆ سزادانی چەند بانکێکی عێراقی، لە کاتێکدا کە تەنها لەڕێگەی بانکی ڕافیدەینەوە، مانگانە نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار لە عێراق دەچێتە دەرەوە و زۆری ئەو پارەیەش بۆ ئێران دەچێت.
سزادانی بانکە عێراقییەکان، کارتێکە بەردەوام لە دەستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادایە.
ماوەیەكە بانکی ڕەشید، بانکی ڕافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقی کە سێ لە گەورەترین بانکی عێراقن، دەنگۆی سزادانیان لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە هەیە.
ئەمریکا دەڵێت: بەشێک لە بانکەکانی عێراقی بوونەتە سەرچاوەی شوشتنەوەی پارە و ناردنی دۆلار بۆ ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە تارانن و لەنێو لیستی سزاکانی ئەمریکادان، ئەمە جێی نیگەرانییە و نیگەرانییەکانیش بە عێراق گەێندراوە.





