سیناتۆر لیندسی گراهام سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی: "یان مۆدێلی لیبی یان هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران".

پەیامی کورد ... سیناتۆر لیندسی گراهام سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی: "یان مۆدێلی لیبی یان هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران".
لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلینای باشوور، لەگەڵ کۆمەڵێک پەرلەمانتاری دیموکرات و کۆمارییەکان سەفەریان بۆ ئیسرائیل کردووە. گەشتەکە بریتی بوو لە دیدار لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری ئەو ووڵاتە و وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل.
گراهام ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە تەلئەڤیڤ جەختی لە گرینگیدان بە ئیسرائیل وەک دۆست و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکا كردەوە.
ناوبراو ئاماژەی بە ئاستەنگە ئەمنییەکانی بەردەم جیهان کرد و ووتی : دەبێت بڕیار لەسەر چوار بابەتی سەرەکی بدرێت کە بریتین لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لەناوبردنی تاقمی تیرۆریستی حەماس، دۆخی فەلەستینییەکان لە غەززە و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو سیناتۆرە هەوڵە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێرانی بە گەورەترین تەحەددا هێنایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کۆماری ئیسلامی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.
هەروەها ئاماژەی به لاوازبوونی هێزه بەوەكالەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەوان، حەماس و حیزبۆڵڵا کرد و هۆشداریدا لەوەی ڕەنگه ئێران چەکی ئەتۆمی وەک کەرستەی جەنگی بەکاربهێنێت.
گراهام هەروەها وتی كە پرسیاری لە بەرپرسانی ئیسرائیل کردووە کە ئایا ئێران چەکی ئەتۆمی دژی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت ئەگەر بەدەست بهێنێت، هەروەها ئاماژەی بە کۆدەنگی ئەرێنییان کردووە. جەختیشی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی ترامپ دەبێ بە زوویی بڕیار سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بدات.
دوو بژاردەی خستەڕوو: بژاردەیەکی سەربازی، کە بریتی دەبێت لە یارمەتیدانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەروەها بژاردەی دانووستان، کە ئامانج لێی ڕازیکردنی ئێران دەبێت دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت.
هەروەها گراهام جەختی لە پێویستیی دانانی چوارچێوەیەکی کاتی و پێوەرێک بۆ سەرکەوتن لە دانووستانەکاندا کردەوە، هەروەها مۆدێلی داماڵینی چەکی ئەتۆمیی لیبی وەک بژاردەیەکی دیپلۆماسی بەرزکردەوە.
ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە




