عێراق دەستی بەگەڕان بەدوای جێگرەوەی گازی ئێرانی کرد و هەنگاو بەرەو قەتەر و عومان دەنێت

عێراق دەستی بەگەڕان بەدوای جێگرەوەی گازی ئێرانی کرد و هەنگاو بەرەو قەتەر و عومان دەنێت
پەیامی کورد    ...   عێراق دەستی بەگەڕان بەدوای جێگرەوەی گازی ئێرانی کرد و هەنگاو بەرەو قەتەر و عومان دەنێت

حەمزە عەبدۆلباقی، سەرۆکی کۆمپانیای گازی باشووری عێراق، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "عێراق هەنگاو بەرەو قەتەر و شانشینی عومان دەنێت بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگرەوەی گازی ئێرانی."

سەرۆکی کۆمپانیای گازی باشوور ئاماژەی بەوەش کرد "وەک هەنگاوی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پچڕانی گازی ئێرانی، حکوومەتی عێراق وێستگەیەکی گازی سرووشتی بەکرێ دەگرێت. 
هەروەها وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوە کە جێگرەوەی گونجاو بۆ نەمانی گازی ئێرانی بدۆزێتەوە."

بە گوێرەی گرێبەستێک، ئێران ڕۆژانە نزیکەی ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا گازی بە عێراق دەفرۆشت، بەڵام ڕۆژی شەممە، ٨_٣_٢٠٢٥، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی بەو لێخۆشبوونە هێنا کە ڕێگەی بە حکوومەتی عێراق دەدا، گازی ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بكرێت.

ماوەی چەند ساڵە ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات هەوڵ بدات کەمتر پشت بە گازی ئێران ببەستێت. بڕیارەکەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی فشارە" بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ئێران.

ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە