فەڕەنسا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە ئێران هۆشداری دەدات

پەیامی کورد ... فەڕەنسا سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە ئێران هۆشداری دەدات
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، مووڵەت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران کەمە و هۆشداریدا ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی “زەحمەتە روونەدات.”
ژان نوئێل بارۆ لە پەرلەمانی فەرەنسا ووتی: “تەنها چەند مانگێکمان ماوە بۆ کۆتایی هاتنی رێککەوتنی ئەتۆمی.” هەروەها جەختی کردەوە: “لە ئەگەری سەرنەکەوتندا، وادیارە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئەگەری زۆرە ببێتە ئەمری واقیع.”
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکانەوە بڵاویکردەوە کە ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی گرینگی لەگەڵ وەزیرە باڵاکانی کابینە و شارەزایانی کاروباری ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی سازکردووە. ئاماژە بەوەشکراوە کە کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە تایبەت بە بابەتێکی دیاریکراو لە حکوومەتی فەڕەنسادا دەگمەنە.
سێ سەرچاوەی دیپلۆماسی بە ڕۆیتەرزیان ووتووە، کۆبوونەوەکە بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لە گرژییەکانی نێوان تاران و واشینتۆن ەوە بەڕێوەچووە.
چاودێران ئەم کۆبوونەوەیە بە نیشانەی نیگەرانی زیاتری ووڵاتانی ئەورووپا دەزانن سەبارەت بە ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەگەر دانووستانەکان شکست بهێنن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، بەریتانیا و ئاڵمانیا هیوادارن لە کۆبوونەوەی داهاتووی ناتۆ لە برۆکسل لەگەڵ مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، گفتوگۆ لەبارەی ئێرانەوە بکەن.
ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەورووپی یەوە بڵاویکردەوە کە هەندێک شیکار پێیان وایە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان لە یەمەن لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، لەوانەیە پێشەکییەک بێت بۆ ئەنجامدانی هەنگاوی سەربازیی بەرفراوانتر دژی ئێران.
کۆبوونەوەکەی حکوومەتی فەڕەنسا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بەڕێوەچوو کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایگەیاند، بە فەرمانی پیت هۆگۆست، وەزیری بەرگری ئەمریکا، هێزەکانی ئەو ووڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناردنی فڕۆکەی جەنگی زیاتر بەهێزکراون.
ڕۆژی ڕابردووش، مایکڵ مەککۆڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە پەیامێکدا بۆ عەلی خامنەیی، ڕابەری ئێران، ڕایگەیاند کە “سەرۆک بایدن ئامادەیە بە شێوەیەکی ئاشتییانە هاوکاریتان بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانتان بهێنن.” ناوبراو ووتیشی: “ئێستا هەڵبژاردن لە دەستی ئێوەدایە.”





