كەسێك لە ئەمریکا بە تاوانی قاچاخی نایاسایی بۆ ئێران دەست بەسەر کرا

پەیامی کورد ... كەسێك لە ئەمریکا بە تاوانی قاچاخی نایاسایی بۆ ئێران دەست بەسەر کرا
“بەهرام محەممەد ئوستواری" تەمەن ٦٦ ساڵ خەڵکی تاران و دانیشتووی سانتاموونیکا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ لە فڕۆکەخانەی لۆسئەنجلێسی ئەمریکا دەست بەسەر کراوە.
ناوبراو بەهۆی داڕشتی پیلان بۆ جێ بەجێنەبوونی سزاکانی سەر ڕێژیمی ئێران، دەست بەسەر کراوە و لەلایەن دادگاوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
لە ڕاگەیاندنی وەزارەتی دادی ئامریکادا هاتووە کە ناوبراو دامەزرێنەری ناوەندێک بووە و لەو ڕێگایەوە کەل وپەلی سیگناڵ دان و هەواڵگری بۆ پرۆژەی ڕێگای ئاسنینی ڕێژیمی ئێران ناردووە كە ناردنیان نایاسایی بووە.
لە ڕێگای دوو شیرکەتی ووڵاتانی عەرەبییەوە، کەلوپەلی لە ووڵاتی ئەمریکا کڕیوە و بۆ تارانی بەڕێ کردوون.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو لە سزاکانی سەر بە ئێران ئاگادار بووە، بۆیە ناتوانێ حاشا بکات و هەروەها به یەکێک لە هاوکارەکانی گوتووە زانیاری هەڵە لەو بارەیەوە بە کاربەدەستی پەیوەندیدار بداتەوە.
بەپێی بەدواداچوونی ئیدارەی لێکۆڵینەوەكان ڕەنگە ناوبراو بە ٢٠ ساڵ زیندانی سزا بدرێت.





