ناوی وەزیری تاڵیبان لە لیستی داواکراوانی ئەمریکا لابردرا

پەیامی کورد ... ناوی وەزیری تاڵیبان لە لیستی داواکراوانی ئەمریکا لابردرا
هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی دوو هاوڵاتی ئەمریکی لەلایەن حکوومەتی چاودێرەکەی تاڵیبانەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی "سیراجدین حەقانی"، وەزیری ناوخۆی حکوومەتەکەی لە لیستی داواکراوان لابرد. کردەوەیەک کە شرۆڤەکاران پێیان وایە نیشانەی کراوەیی دیپلۆماسییە لە نێوان واشینتۆن و کابول.
بەپێی ڕاپۆرتی ئێوارەی شەممەی ئاژانسی هەواڵی دەنگی ئەفغانستان (AVA)، گۆڤاری لۆنگ وار جۆرناڵ و سی ئێن ئێن، دوو دەزگای ڕاگەیاندنی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتی جیادا، هەنگاوی ئەم دواییەی حکوومەتی ئەمریکا بۆ لابردنی ئەو بەخششەی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ سیراجددین حەقانی، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی چاودێرانی تاڵیبان، بە نیشانەی گۆڕانکاری لە ڕێبازی واشینتۆن بەرامبەر بە حکوومەتی چاودێری تاڵیبان لە ئەفغانستان زانیوە.
ڕۆژنامەی لۆنگ وار ژۆرناڵ نووسیویەتی : پێدەچێت ئیدارەی ترامپ بەردەوام بێت لە ڕێبازی پەیوەندییەکانی ئیدارەی بایدن لەگەڵ حکوومەتی چاودێرانی تاڵیبان؛ سیاسەتێک کە بووە هۆی ڕێککەوتنی دۆحە لە ساڵی ٢٠٢٠ و ڕێگەی خۆش کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١. هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەخشینی ١٠ ملیۆن دۆلاری لەسەر سیراجددین حەقانی لابرد بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە؛ ئەم کارە هاوکات بوو لەگەڵ ئازادکردنی گەشتیارێکی ئەمریکی بە ناوی جۆرج گلاسمان.
بەگوێرەی گۆڤارەکە، سەرەڕای دەنگۆی ناکۆکی لە نێوان هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی حکوومەتی تاڵیبان و سیراجدین حەقانی، بەڵام لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەو دووانە پێکەوە کاریان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە خۆش بکەن بۆ شکستی سەربازی ئەمریکا و ناتۆ و هاوپەیمانە ئەفغانییەکانیان.
هاوکات سی ئێن ئێن، لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاماژە بە سەردانەکەی شاندی ئەمریکی بۆ کابول دەکات، نووسیویەتی ئەم وتووێژانە لە سروشتدا تاقیکارین، بەڵام "رێگایەکی ئەرێنی" لە کارلێککردن لەگەڵ حکومەتی چاودێرانی تاڵیبان دا بەدی دەکرێت.
بە ووتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە ناوی نەهێنراوە، لە میانی دانووستانەکان سەبارەت بە ئازادکردنی هاووڵاتیانی ئەمریکی، شاندی تاڵیبان جارێکی دیکە داوای دانپێدانانی فەرمییان لە واشینتۆن کردووە و هەروەها پێشنیاری دامەزراندنی نووسینگەیەکیان کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاروباری پەنابەرانی ئەفغانی لە ئەمریکا. ئەم نووسینگەیە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە دەرەوەی واشینتۆن دەبێت و هەمان سرووشتی باڵیۆزخانە نابێت.
سی ئێن ئێن زیادی کرد: دامەزراندنی پەیوەندی فەرمی لەگەڵ حکوومەتی چاودێر تاڵیبان دەتوانێت یەکێک بێت لە قووڵترین گۆڕانکارییەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا دوای کشانەوەی لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١؛ شەڕێک کە نزیکەی ٢٠ ساڵی خایاند و زیاتر لە ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکی کوشت.
ئەو دەزگایە میدیاییە لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرچەندە ئەمریکا ئەو خەڵاتانەی هەڵوەشاندەوە کە بۆ هەندێک لە ئەندامانی حکوومەتی چاودێرانی تاڵیبان دانرابوو دوای ئازادکردنی هاووڵاتیانی، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو کەسانە بگەڕێنەوە ناو لیستی زۆرترین تیرۆریستە داواکراوەکان ئەگەر هاووڵاتیانی دیکەی ئەمریکی ئازاد نەکرێن.
ئەم بابەتە 15 جار خوێندراوەتەوە




