ناوەڕۆکی سەردانەکەی بێنیامین ناتانیاهوو بۆ واشینتۆن

پەیامی کورد ... ناوەڕۆکی سەردانەکەی بێنیامین ناتانیاهوو بۆ واشینتۆن
بڕیارە بێنیامین ناتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە سەدانی واشینتۆن بكات، لە دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا باس لە باجی گومرگی، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی بارمتەکان، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، هەڕەشەی ئێران و شەڕی دژی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بكەن.
نووسینگەی بێنیامین ناتانیاهوو، لە ڕاگەێندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی واشینتۆن پایتەختی ئەمریكا دەکات، دوای ئەوەی بانگهێشتنامەی لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشت.
بەگوێرەی پێگەی ئاکسیووس، "لە کۆبوونەوەکەدا هەردو سەرۆك باس لە باجی گومرگی، هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا، هەڕەشەی ئێران و شەڕی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکەن، کە ناتانیاهووی بە تاوانی جەنگ لە ناوچەی فەلەستین تۆمەتبار کردوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو سەردانە ناتانیاهوو دەکاتە یەکەم سەرکردەی بیانی کە ڕووبەڕووی سەرۆکی ئەمریکا دەبێتەوە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنێک بۆ نەهێشتنی باجی گومرگی
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاویکردوەتەوە، ناتانیاهوو لە هەوڵی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنە لەگەڵ ترامپ سەبارەت بە بژاردەی لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ئەگەری شکستی هەوڵە دیپلۆماسییەکان. ناتانیاهوو ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان واشینتۆن و تاران لە ڕادەبەدەر کەمە.
ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ڕەنگە بەم نزیکانە ناتانیاهوو سەردانی کۆشکی سپی بکات، هاوکات سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە کە ناتانیاهوو داوای لە سەرۆکی ئەمریکا کردوە پرسی گومرگی سووک بکات، سەرۆکی ئەمریکاش ووڵامی داوەتەوە و دەڵێت "با کۆببینەوە و باسی ئەم بابەتە بکەین".





