پارێزگای سوەیدا : ژمارەی کوژراوان گەیشتە ١٠٠ کەس

پەیامی کورد ... پارێزگای سوەیدا : ژمارەی کوژراوان گەیشتە ١٠٠ کەس
لە سێیەمین ڕۆژی شەڕ و پێکدادان لە پارێزگای سوەیدا لە سووریا ، شەڕ لە چوار بەرەدا بەردەوامە و ژمارەی کوژراوانیش گەیشتە ١٠٠ کەس و ٢٠٠ کەسیش بریندارە.
سەرچاوە میدیاییە ناوخۆییەکانی سووریا باسیان لەوە کردووە، ئەمشەو شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هۆزە چەکدارە درووزەکان و بەدەوی لە فڕۆکەخانەی سوعلە ڕووی داوە.
کەناڵی "سوەیدا 24" بڵاوی کردەوە، لە ئێستادا شەڕێکی قورس لە چوار بەرە بەردەوامە کە بریتین لە میحوەری سوعلە، حەزم، کەناکر و میحوەرەی تەعارە.
لە لایەكی دیكەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسڕائیل، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسی خۆیدا نووسیویەتی؛ "هێرشەکانی ئیسرائیل پەیامێکی ڕوون و هۆشدارییەک بوون بۆ ڕژێمی سووریا. ئێمە ڕێگە نادەین زیان بە درووزەکانی ناو سووریە
بگات، ئیسرائیل بە بێدەنگی سەیر ناکات و ناوەستێت".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "هێرشێکی کردووەتە سەر ئامانج و چەند تانکێک لە گوندی سەمیع لە پارێزگای سوەیدا".





