ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا : سیاسەتی زۆرترین فشار لەسەر ئێران لە ڕابردوودا کاری کردووە و پێویستە بپارێزرێت

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا : سیاسەتی زۆرترین فشار لەسەر ئێران لە ڕابردوودا کاری کردووە و پێویستە بپارێزرێت
پەیامی کورد   ...   ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا : سیاسەتی زۆرترین فشار لەسەر ئێران لە ڕابردوودا کاری کردووە و پێویستە بپارێزرێت
 

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی سیاسەتی زۆرترین فشار لەسەر ئێران لە ماوەی خولی پێشووی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ کاری کردووە و بووە هۆی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی گرووپە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ووتی: دەبێ پێمان بخەینە سەر قوڕگیان.

مایکل والتز لە کۆنفرانسی کۆمارییەکان لە ڕۆژی هەینی 2ی ئازاردا ووتی: چەند ساڵێک لەمەوبەر بینیمان کە زۆرترین هەڵمەتی فشار دژی ئێران "هەموو بریکارەکانی ئێران، حووسییەکان، حیزبۆڵڵا، حەماس، میلیشیاکانی عێراق، پارەیان نەبوو بۆ درێژەدان بە تیرۆریزمەکەیان".

ناوبراو بە ئاماژە بە فەرمانەکەی سەرۆکی ئەمریکا واژووی لەسەر کردووە، وتی: ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ ئەو سیاسەتانەی کە کاریان کردووە و ”پێمان خستۆتە سەر قوڕگی ئابووری ئێران”.
نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر دۆناڵد ترامپ "ڕێنمایی ئاسایشی نیشتمانی"ی واژووکرد بۆ دەستپێکردنەوەی زۆرترین فشار لەسەر ئێران، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هیوادارە پێویست بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییە نەکات و لەگەڵ تاران ڕێککەوتن بکرێت.

لەو کاتەوە بەڕێز ترامپ چەندین جار ڕایگەیاندووە کە پێی باشترە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی باوەڕپێکراو و پشتڕاستکراوە لەگەڵ ئێراندا بگات نەک هەر کارێکی سەربازی.

هەروەها مایکل واڵتز لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی CPEC جەختی لەوە کردەوە کە ئێران "هەرگیز ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت" و "بە سەرکردایەتی سەرۆک ترامپ دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە ئەمە ڕوونەدات".

هەروەها لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ووتی: حیزبۆڵڵای لوبنان "تاڕادەیەکی زۆر لەناوچووە"، ئەسەد لە سووریا نەماوە و "میحوەری تیرۆری تاران" لە بنەڕەتی پەکخراوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترامپ دا چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.

حکوومەتی ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەر فلسێکی دەستکەوتی بۆ بەرنامەی چەکداری و "پشتیوانی لە تیرۆر" بەکاردەهێنێت.

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە