بەڕێوبەری بەندئاوی گۆمەسپان باسی قۆناغهكانی کۆتایی كاریان له بهندئاوهكه دهكات

پەیامی کورد ... بەڕێوبەری بەندئاوی گۆمەسپان باسی قۆناغهكانی کۆتایی كاریان له بهندئاوهكه دهكات
بەڕێوبەری پڕۆژەی بەندئاوی گۆمەسپان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ٢٣ بەندئاوی ئامادە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە توانای گلدانەوەی ئاویان هەیە، بەندئاوی گۆمەسپان یەکەم پڕۆژەیە لە ڕووی توانای گلدانەوەی ئاو لە سنووری شاری هەولێر، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێم و بە گوژمەی ٩٥ ملیار و ٢٨ ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە.
زمناکۆ سامی، بەڕێوبەری بەندئاوی گۆمەسپان، ڕایگەیاند : بەندئاوی گۆمەسپان سێیەم گەورەترین بەندئاوی هەرێمی کوردستانە بە ڕووبەری ٦ ملیۆن م٢ بە دوای هەریەکە لە بەندئاوی دوکان و دەربەندیخان، شوێنی جیۆگرافی بەندئاوی گۆمەسپان دەکەوێتە پارێزگای هەولێر بە دووری ٣٠ کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، ئەم بەندئاوە توانای گلدانەوەی ٩٠ ملیۆن م٣ ئاوی هەیە و درێژی بەندئاوەکە دەگاتە ٥١٣ مەتر و بەرزییەکەشی دەگات بە ٧٠ مەتر، هەروەها پانی لە بەشی سەرەوەی بەندئاوەکە ١٠ مەترە و لە ژێرەوە ٦٨ مەترە، کە لە درووستکردنی بەندئاوەکە بۆ یەکەمین جارە لە هەموو عێراق کانکریتی جۆری (ئاڕ سی سی) واتا پەستێندراوی تێدا بەکار هێندراوە، بە خۆشحاڵییەوە ئەم پڕۆژەیە بەشی هەرە زۆری لەلایەن دەستی کاری خۆماڵی بە سەرپەرشتی کۆمپانیای سێنک جێبەجێ کراوە، کە ئاستی سەرەوەی بەندئاوەکە لە ئاستی دەریا ٨٧٩ مەترە.
بەڕێوبەری بەندئاوی گۆمەسپان گوتیشی، ئەم بەندئاوە لە ساڵی ٢٠١٣ کارکردن تێیدا دەستی پێکرد، بەڵام دوابەدوای ساڵێک لە کارکردن وەستا بە هۆکاری شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری زۆریان هەبوو لەسەر کۆی پڕۆژەکە، بەڵام بەوپەڕی گرینگییەوە بە پاڵپشتی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ بە گوڕ و تینێکی زۆرەوە دەستمان بە کارەکانمان کردەوە بە شەو و ڕۆژ بێ وچان، بۆیە لە ماوەی دوو ساڵ دا توانیمان لاشەی بەنداوەکە و بەشی سەرڕێژیش تەواو بکەین و ئاویش گل بدەینەوە.
زمناکۆ سامی، لە درێژەی لێدوانەکەی دا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی ١٠٪ی کارەکانی بەندئاو ماوە بەکۆتا بێن، ئەو کارانەش بریتین لە ڕێگای سەر بەندئاوەکە و ڕووناکردنەوە و هەروەها کاری تەواوکاری و درووستکردنی بینای ئۆفیسی بەندئاو، لەمساڵیش دا گشت کارەکان کۆتاییان دێت.
دەشڵێ، لە ئێستادا نزیکەی ٢٥ کەس کار لە بەندئاوەکەدا دەکەن و سرووشتی کارەکەش وایە لە قۆناغی کۆتاییدا دەبێت زۆر بە ووردی و هێواشی کاری تێدا بکرێت.
ناوبراو ئاماژەشی دا، پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگایەکی ٢٢ کیلۆمەتری بە چواردەوری بەندئاوی گۆمەسپان جێبەجێ کراوە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، کە چوارڕێیانی گۆمەسپان بە ڕێگای سماقووڵی دەبەستێتەوە.
پڕۆژەی بەندئاوی گۆمەسپان ٤٠٠ مەتر بەرزترە لەسەر ئاستی هەولێر، بۆیە گرینگی خۆی دەبێت لە گۆڕینی کەش وهەوا و دەبێتە شوێنێکی گەشتیاری ناوچەکە، هەروەها سوودی زۆری دەبێت لە بەراوکردنی نزیکەی ١٠ هەزار دۆنم زەوی و بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەوی، جگە لەوەش کەڵکی لێ وەردەگیرێت بۆ زیاترکردنی سامانی ماسی و ئاژەڵداری. ئەوکاتەی ئاوی بەندئاوەکە سەرڕێژ بکات، ڕاستەوخۆ دەچێتە حەوز و بەندئاوی بەستۆڕە لە پاشان دەڕژێتە زێی گەورە، کە باران و سەرچاوە ئاوییە سرووشتییەکانی ناوچەکە، سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی ئاوی بەندئاوەکەن.
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە




