بەڕێوبەری بەندئاوەکان : لەو شوێنانەی بەندئاو ھەن بەشی خەڵک ئاو ھەیە

پەیامی کورد ... بەڕێوبەری بەندئاوەکان : لەو شوێنانەی بەندئاو ھەن بەشی خەڵک ئاو ھەیە
بەڕێوبەری بەندئاوەکانی ھەرێمی کوردستان ووتی "ڕاستە ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر باران باریوە، بەڵام لەم شوێنانەی بەندئاو ھەیە بەشی خەڵک ئاو ھەیە و چاوەڕێین لە مانگی چواریش باران ببارێت و ئاوی زیاتر لە بەندئاوەکان گل بدرێتەوە، بۆیە جارێ ناتوانین باسی ووشکە ساڵی بکەین، ئەوەیان پێویستە دواتر وەزارەتی کشتوکاڵ خەمڵاندن بۆ زیانەکان بکات، ئەو کات بڕیاری خۆی بدات."
ڕەحمان خانی، بەڕێوبەری بەندئاوەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند "ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر باران باریوە و بەندئاوەکانیش کەمتر ئاویان تێدایە، تا ئێستا دوو بەندئاو سەرڕێژ بوونە، پێشبینی دەکرێت لە مانگی چوار بارانی دیکە ببارێت، ئەو کات بەندئاوی بچووکی زیاتر سەرڕێژدەبن و دۆخەکە باشتر دەبێت، بۆیە ئێمە ناتوانین باس لەوە بکەین ئەمساڵ ووشکە ساڵییە، چوونکە لەو شوێنانەی بەندئاو ھەیە خەڵک دەتوانێ بۆ ھەموو کەرتەکان سوودی لێ وەربگرن."
ڕەحمان خانی ووتیشی "بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت ووشکەساڵییە یان نا، پێویستە وەزارەتی کشتوکاڵ زیانەکان بخەمڵێنێت، ئەو کات دیار دەبێت دۆخەکە چۆنە، دەنا ئێمە ئاومان لە بەندئاوەکان ھەیە و تەنیا لە ھەندێک شوێن مەترسی کەم ئاویمان ھەیە، لەو شوێنانەی بەندئاو ھەیە بەشی پێداویستی خەڵک ئاو ھەیە، ئەو شوێنانەی بەندئاوی لێ نییە، ھەندێک مەترسی ھەیە و کاریگەری ھەبووە، بەئومێدیشین لە مانگی چوار بارانی دیکە ببارێت، ئەو کات ئاوی زیاتر لە بەندئاوەکان کۆدەبێتەوە، بارانی مانگی سێ و چوار بۆ ئێمە گرینگە چونکە لە ھەرێمی کوردستان ٢٣ بەنداوی بچووک و گەورەمان ھەن."
ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە




