سێ ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی گوندی خدر جیجه‌ تێده‌په‌ڕێ

سێ ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی گوندی خدر جیجه‌ تێده‌په‌ڕێ
پەیامی کورد   ...   سێ ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی گوندی خدر جیجه‌ تێده‌په‌ڕێ

سێ ساڵ به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی گوندی خدر جیجه‌ی ده‌ڤه‌ری مه‌خموور تێپه‌ڕی، برایەکی شه‌هیده‌كانی گونده‌كه‌ش ده‌ڵێ : تا دنیا هه‌یه‌ ئێمه‌ قه‌رزاری سه‌رۆك بارزانی و مه‌سروور بارزانین. 

شه‌وی ٢ له‌سه‌ر ٣ی 2021، تیرۆرستانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندی خدر جیجه‌ی بناری چیای قه‌ره‌چووغ، له‌ ئه‌نجامدا سێ برای دانیشتووی گونده‌كه له‌گه‌ڵ 10 پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون، سه‌رۆك بارزانییش ناوی شێره‌ ژنی به‌خشیه‌ دایكی ئه‌و سێ شه‌هیده‌. 

جاسم حاجی سمایل، برای سێ شه‌هیدی گوندی خدر جیجه‌ ڕایگه‌یاند: ئه‌و شه‌وه‌ی تیرۆرستان هێرشیان كرده‌ سه‌ر گونده‌كه‌مان ئێمه‌ به‌رگریمان له‌خۆمان كرد، له‌ ئه‌نجامدا سێ برای به‌نده‌ و 10 پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان شه‌هید بوون، ئێمه‌ ئێستاش ئاماده‌ین به‌رگری له‌ خاكی كوردستان بکەین و شه‌هیدبین لەپێناویدا، ئه‌گه‌ر كاك مه‌سروور بارزانی و فه‌رمانده‌ مه‌نسوور بارزانی به‌هانای ئێمه‌وه‌ نه‌هاتبان ناچار دەبووین گونده‌كه‌ به‌جێ بێڵین، به‌ڵام تا دنیا ماوه‌ خۆمان به‌ قه‌رزاری سه‌رۆك بارزانی و مالباتی بارزان ده‌زانین. 

جاسم حاجی سمایل ووتی: ئێمه‌ خوێنێكی زۆرمان داوه‌ بۆ پاراستنی كوردستان، چوونكه‌ جگه‌ له‌و سێ برا شه‌هیده‌م، ساڵی 1966 هه‌ر له‌سه‌ر كوردایه‌تی داپیر و باپیر و پلكێك شه‌هیدبوونه‌، واته‌ شه‌ش شه‌هیدمان له‌پێناو كوردستان به‌خشیوه‌، ئێمه‌ش بۆ شه‌هیدبوون ئامادەین.

جاسم حاجی سمایل ده‌ڵێت: ئێمه‌ مادام ڕێبازی بارزانیمان هه‌ڵبژاردووه‌ ده‌بێت ئاماده‌بین بۆ شه‌هیدبوون، چوونكه‌ ڕێبازێكه‌ هه‌زاران شه‌هیدی بۆ ڕزگاری كوردستان داوە، ئێستاش ئاماده‌ین له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه‌ی ئێستا سه‌رۆك بارزانی ڕابه‌رایه‌تی ده‌كات خۆمان بكه‌ینه‌ قوربانی. 

جاسم ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: ئه‌و تیرۆرستانه‌ی ده‌ستیان له‌ ڕووداوی تیرۆرستی گوندی خدر جیجه‌ هه‌بوو بە سزای خۆیان گه‌یشتوون. 

ئێستاش هه‌زاران سڵاو بۆ گیانی پاكی ئه‌و 10 پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ پێناو ئێمه‌ و كوردستان خۆیان كرده‌ قوربانی. 

ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە