سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد
پەیامی کورد    ...   سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد

رۆژی یەکشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئیلبرووس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە ماکسیم ڕۆبین، کونسووڵی گشتی ڕووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی سیاسی و گۆڕانگاری و پێشهات و گرفتەکان لە عێراق و ناوچەکە کرا. هەروەها باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا لە بارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا و درێژەدان و بەردەوامی پێش خستنی ئەم رێککەوتنە بە گرنگ زانرا.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرئەنجام و هەنگاوەکانی دوای ئەم پڕۆسەیە و لێک نزیک بوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرا. 

 لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئازاد و دیموکراسی دا، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن بکرێنە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدڕاڵی بەهێز لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداری هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان.

پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا لەگەل عێراق و هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە