سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد

پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد
سێشەممە 18ی شوباتی 2025، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێریس ئیکینجی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەدا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، بە تایبەتی دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بوودجەی فیدراڵ، لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی ووڵاتانی کەندئاو و عێراق بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا، لەمبارەیەوە، جەخت لە گرینگی بەشداری هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا کرا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ کرا و پێویستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان دووپات کرایەوە.
ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە




