سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئیتالیا لە عێراق کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئیتالیا لە عێراق کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئیتالیا لە عێراق کرد

ڕۆژی دووشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە نیکۆلۆ فۆنتانا باڵیۆزی نوێی ئیتالیا لە عێراق کرد.

لەو دیدارەدا کە میشێل کامێرۆتا کونسووڵی گشتی ئیتالیا لە هەولێریش ئامادەبوو، باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە عێراق و سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بە پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان دا و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ فراوانترکردن و بەرەوپێش بردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا.
باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق بەڕێوچوونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاوی بەشداریی خەڵک و لە کەشێکی ئارام  وەک سەرکەوتنێکی گەورەی هەرێمی کوردستان لە پیادەکردنی دیموکراسی لەقەڵەم دا.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لە ئەرکی نوێیدا لە باڵیۆزی ئیتاڵیا کرد، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، و وێڕای ئاماژەدان بە گرینگی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا، ئەو پەیوەندییانەی بە دۆستانە و مێژوویی وەسفکرد.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر تاوتوێ کران.
شایانی ئاماژەپێکردنە هەر لەو دیدارەدا  بەڕێز میشێل کامێرۆتا کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر کە کۆتایی بە ئەرکەکانی لە هەولێر هاتووە وێڕای سوپاس و پیزانینی بۆ خەڵکی کوردستان ماڵئاوایی لە سەرۆک بارزانی کرد و سەرۆک بارزانیش سوپاسی ئەرک و هەوڵەکانی کونسووڵی گشتی ئیتالیای کرد بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەیدا.

ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە