سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای زانایانی ئەزهەر کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە شاندی باڵای زانایانی ئەزهەر کرد
رۆژی دووشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای زانایانی ئەزهەر کرد کە پێکهاتبوون لە دکتۆر عەباس شومان ئەمینداری گشتی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر، و دکتۆر سەلامە داود سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر، و وائل بەخیت جێگری سەرۆکی رێکخراوی جیهانی دەرچووانی زانکۆی ئەزهەر، و ئەحمەد فەوزی بەڕێوەبەری کارووباری دەرەوە لە زانکۆی ئەزهەر.
لەو دیدارە دا شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانەیان بۆ هەرێمی کوردستان، ستایشی ئارامی و سەقامگیری و بوژانەوە و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستیان کرد و بە گرینگییەوە باسیان لە تەبایی و پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان کرد وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی شاندی میوانی کرد و تیشکی خستە سەر پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی مسر، هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بە تایبەت لە بواری ئەکادیمی و هەروەها هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ ناوەندە ئایینی و زانستییەکانی زانکۆی ئەزهەر.
مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری تووندڕەوی و پێویستی هەماهەنگی هەموو لایەک بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە و هەروەها دوایین گۆڕانکاری و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.
ئەم بابەتە 14 جار خوێندراوەتەوە