سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد

پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد
سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی كرد، لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشیان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەهێز و نەتەوەیی و ستراتیژی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
ڕۆژی ھەینی ١١ـی تەممووزی ٢٠٢٥ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و شاندی باڵای دەم پارتی کرد کە پێکھاتبوو لە ئەحمەد تورک و لەیلا زانا و سری ساکێک و تونجەر باکر ھان ھاوسەرۆکی دەم پارتی و چیدەم قلێچگون ئاچار ھاوسەرۆکی ھەرێمەکانی دیموکرات و مەڕال دانشبەشتاش پەرلەمانتاری دەم پارتی و بەردان ئوزتورک بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان دەستخۆشییان لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕۆڵی بەھێز و نەتەوەیی و ستراتیژی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و داوایان کرد سەرۆک بارزانی لە ڕۆڵی خۆی لە پاڵپشتیکردنی ئەو پڕۆسە مێژووییە لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەردەوام بیت. ھەروەھا وێڕای گەیاندنی پەیام و داواکەی بەڕێز ئۆجالان داواشیان کرد کە سەرۆک بارزانی سەردانی بەڕێز ئۆجەلان بکات.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ھەنگاوانەی لە پڕۆسەی ئاشتیدا گیراونەتەبەر ھەنگاوی گرینگن بە ئاراستەی درووست، ئەوەشی ڕاگەیاند پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بە پشوودرێژی و ووردبینی ھەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجامێکی باش، دە ساڵ گفتوگۆ باشترە لە یەک کاتژمێر شەڕ و بە شەڕ و تووندوتیژی کێشەکان چارەسەر ناکرێن و دەبێ پشت بە خەباتی سیاسی و دیالۆگ و یەکترقبوڵکردن و دیپلۆماسی ببەسترێت، سەرۆک بارزانی ئاماژەشی بەوە دا لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری ئەوەی لە توانای دا بێت درێغی ناکات و سەبارەت بە داواکارییان بۆ سەردانی بۆ لای بەرێز ئۆجالان ڕایگەیاند لە ھەلومەرجێکی گونجاودا سەردانەکە ئەنجام دەدرێت. سەرۆک بارزانی داواشی کرد ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا بن.
ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە




