لیوا عەبدۆلخالق : بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ماوە جێبەجێ بکرێت

پەیامی کورد ... لیوا عەبدۆلخالق : بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق ماوە جێبەجێ بکرێت
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق دەڵێ، ئێمە کاری خۆمان تەواوکردووە و ڕاپۆرتی خۆشمان داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق ، ئێستا چاوەڕێ دەکرێت حکوومەتی عێراق یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان جێبەجێ بکات و کۆتایی بەو کێشەی لە کەرکووک ھەیە بێت.
لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: بۆ کێشەی زەویوزار لە کەرکووک دوو لیژنە پێکھاتبوو یەکێک بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیری دادی حکوومەتی عێراق بوو، ناوبراو سەردانی کەرکووکی کرد و لەگەڵ پارێزگار و لایەنی پەیوەندیدار کۆبوونەوەی ئەنجامدا، لیژنەی دووەمیش لەلایەن فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەشی عێراق درووست کرابوو، ھاوکات ئێمەش سەردانی کەرکووکمان کرد و ڕاپۆرتی خۆمان بەرزکردەوە و کاری خۆمان تەواو کردووە و چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکوەزیران دەکەین جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشەیە بێت و جووتیارانیش چیتر ڕێگریان لێ نەکرێت زەویەکانیان بەکاربێنن.
لیوا عەبدۆلخالق جەختیش دەکاتەوە: لە پەرلەمانی عێراق یاسا دەرکراوە بۆ ئەوەی زەویوزاری جووتیارانی کورد بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و دادگای فیدڕاڵیش بڕیاری لێداوە، بۆیە پێویستە ھەموو زەوییەکان بۆ خاوەنی ڕەسەنی خۆیان بگەڕێتەوەو پێویستە ئەو یاسایە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت، ھاوکات پێویستە دەست بەجێبەجێکردنی یاساکە بکرێت و زەوییەکانیان بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە و ئەو بابەتە بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە چارەسەر بکرێت و چیتر ڕێگری لە جووتیارانی کورد نەکرێت زەوی خۆیان بەکار بێنن.
ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە





