مه‌سروور بارزانی مژدەی ئایندەیەكی ڕووناكمان له‌ بواری گەشتوگوزار پێ دەدات

مه‌سروور بارزانی مژدەی ئایندەیەكی ڕووناكمان له‌ بواری گەشتوگوزار پێ دەدات
پەیامی کورد   ...   مه‌سروور بارزانی مژدەی ئایندەیەكی ڕووناكمان له‌ بواری گەشتوگوزار پێ دەدات

ژێرخان لە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری بنەڕەتی وەكوو (ڕێگه‌وبان، ئاو و ئاوەڕۆ، كارەبا، پەیوەندییەكان، تەندرووستی، پەروەردە، سەقامگیری) پێكدێت، كە سەرجەمیان دەبنە ژێرخانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار، خودی گەشتوگوزاریش لەسەر 3 كۆڵەكەی سەرەكی واستاوە، كە بریتین لە (بنەماكانی سرووشتی و مرۆیی، بنەمای ژێرخانی گەشتوگوزار، بنەمای سەرخانی گەشتوگوزار)، ژێرخانی گەشتوگوزار بناغەیەكی سەرەكی پەرەپێدانی گەشتوگوزارە، هەر ووڵاتێك كە بیەوێت گەشتوگوزار سەركەوتووبێت، پێویستە ژێرخانی پێشكەوتووی هەبێت. چوونكە ژێرخانی گشتی کارئاسانی بۆ گەشتیاران و وەبەرهێنەران و كۆمپانیا گەشتیاری و دامەزراوە گەشتیارییەكان دەکات و پەرەپێدانی گەشتوگوزار مسۆگەر دەکات.

خزمەتگوزاری ژێرخانی ڕێگه‌وبان

خزمەتگوزارییەکانی ڕێگه‌وبان بەهەموو جۆرەكانی (ئاوی، ووشكانی، ئاسمانی، ئاسنی) دەگرێتەوە، كە بە گشتی بۆ گواستنەوە و گەیاندن بەكار دەهێنرێن: تۆڕی ڕێگه‌وبان، فڕۆکەخانەکان، هێڵی شەمەندەفەر، بەندەرەکان و هەموو ئەو ئامرازانە دەگرێتەوە کە گەشتیاران بەکاریان دەهێنن بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست و هاتووچۆکردن لەناوخۆی ووڵات.

لەم بابەتە باس لە ڕێگه‌وبانی وشكانی دەكەین، ڕێگه‌وبانی وشكانی دابەش دەبێت بەسەر 3 بەش (ڕێگه‌وبانی سەرەكی و ستراتیژی، شەقام و ڕێگه‌وبانی ناو شارەكان، ڕێگه‌وبانی لاوەكی و گوندەكان). فراوانكردن و باشكردنی خزمەتگوزاری ڕێگه‌وبان خزمەتێكی زۆر بەكەرتی گەشتیاری دەكات، چوونكە ڕوداووی هاتووچۆ و كارەسات كەم دەبێتەوە، ماوەی گەیشتن بە شوێنە گەشتیارییەكان كەم دەبێتەوە، گیانی گەشتیاران پارێزراو دەبێت، گەیشتنی گەشتیاران بە شوێنە گەشتیارییەكان ئاسان دەبێت، جمووجۆڵی گەشتیاران لە نێوان ووڵاتان و لە نێوان شارەكان زیاد دەكات، ژینگە زیاتر پارێزراو دەبێت، گەشتیاران زیاتر هەست بەخۆشی دەكەن و زیاتر چێژ لە گەشتەكانیان وەردەگرن.

كابینەی نۆیەمی حكوومەت و شۆڕشی ژێرخان و پەرەپێدانی گەشتوگوزار

سەرجەم خزمەتگوزارییەكانی ژێرخان، كە لە پێناسەكانی سەرەوە ئاماژەم پێیان كردووە، لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاستێكی كوالیتی بەرز بۆ هاووڵاتیان دابین كراوە، ئەوەی نەكراوە لە ژێر كاركردن دایە و لە ئایندە باشتر دەكرێت، شەقام و ڕێگه‌وبانه‌كانی ناو شارەكان لە ئاستێكی پێشكەوتوو جێبەجێ كراون، ڕێگه‌كانی دەرەوەی شارەكان كە شاروشارۆچكەكان بەیەكەوە دەبەستنەوە بەشی زۆری كراونەتە دوو ساید و بەشێكیان بە توونێل بەیەكەوە بەستراونەتەوە و ڕێگه‌ سەختەكان و مەترسیدارەكان نەماون و زۆربەی ڕێگه‌كان كورت كراونەتەوە، ئەمەش وایكردووە گەشتیاران خێرا و ئاسان و بە سەلامەتی بگەن بە شوێنە گەشتیارییەكان، دڵنیام لە ساڵانی داهاتوو ئەو شوێنانەی ماون كاریان لەسەر دەكرێت و ئەم خزمەتگوزارییە زۆر باشتر دەكرێت.

لێرەدا چەند نموونەیەكی ڕێگه‌وبانی سەرەكی كە شارەكانی هەرێم بەیەكەوە دەبەستێتەوە لە سنووری هەولێر و دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ دەخەینەڕوو: (جوتسایدی نێوان هەولێر و دهۆك، جووتسایدی هەولێر و سۆران، جوتسایدی هەولێر و كۆیە، جووتسایدی هەولێر و گۆمەسپان و سماقووڵی، باعەدرێ و دهۆك، زاخۆ و دهۆك)، لە چەندان ناوچە و شوێنی دیكەش كار لەسەر ڕێگه‌وبانی دەرەوەی شارەكان دەكرێت و نۆژەنكراونەتەوە یان فراوان كراون، وەك حاجی ئۆمەران، شیخان، سۆران، زاخۆ و باتیفا، شیلادزێ، دهۆك و ئامێدی. باس لەوەش ناكەین كە هەزاران كیلۆمەتر ڕێگه‌وبان و شەقامی ناو شارەكان و كۆڵانەكان نۆژەنكراونەتەوە یان فراوان كراون، هەروەها هەندێك لە گوندەكانیش ڕێگه‌ی نوێیان بۆ بردراوە و بەردەوامی هەیە لەكاركردن بۆ زیاتر بنیادنانی ژێرخانی ڕێگه‌وبان، بەپێی سەرچاوە فەرمیەكانی حكوومەت بە كۆی گشتی زیاتر لە 5 هەزار كیلۆمەتر ڕێگه‌وبان لە دەرەوەی شارەكان ئەنجام دراوە. هەرچەندە ڕێگه‌وبان ژێرخانی گشتی ووڵاتە، بەڵام كەرتی گەشتوگوزار، ئەم خزمەتگوزارییە بە یەكێك لە بنەماكانی ژێرخانی گەشتیاری ئەژمار دەكات، چوونكە سوودمەندی سەرەكی لە ڕێگه‌وبان لە دوای هاووڵاتیان، گەشتیارانن. هەرچەند ڕێگه‌وبان فراوان بكرێن و كورت بكرێنەوە، وەبەرهێنەرانی گەشتوگوزار زیاتر وەبەرهێنان لە گەشتوگوزار دەكەن، گەشتیاران زیاتر ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن، كێشە كەم دەبنەوە و خۆشگوزەرانی گەشتیاران زیاد دەكات، گەشتیاران زووتر دەگەنە شوێنی مەبەست و زۆرتر خۆشی دەكەن، ئەمانەش دەبنە هۆكاری بووژانەوە و پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار، واتە هەلی كار زۆر دەبێت و داهاتی گەشتیاری زیاد دەكات.

کابینەی نۆیەم چەندین پڕۆژەی ستراتیژی ڕێگەوبانی جێبەجێ کردووە.

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێم، لە کابینەی نۆیەمدا، 1,119 پڕۆژەی ڕێگه‌وبان بە گوژمەی زیاتر لە 4.3 تریلیۆن دینار ئەنجام دراون؛ 718 پڕۆژەیان تەواو بووە و 401 پڕۆژەی دیکەش لە قۆناغی جێبەجێکردندان. بەهۆی ئەو پڕۆژانە، 5,126 کیلۆمەتر ڕێگه‌ی نوێ دەخرێنە خزمەت هاووڵاتییان، کەوا دەکات ڕێگه‌کان کورت بنەوە، بازرگانان، گەشتیاران، جووتیاران و کاسبکاران، بە ئاسانی و سەلامەتی هاتوچۆ بکەن و ئابووریی وڵاتیش بەرەو پێشتر بچێت. ئەمەش گەورەترین شۆڕشی ئاوەدانی كوردستانە و گەشتوگوزار دەباتە قۆناغێكی نوێ و مژدەی ئایندەیەكی رووناكمان پێ دەبەخشێت.

ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە