مەسروور بارزانی : گەورەترین ئاڵنگاری دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت

مەسروور بارزانی : گەورەترین ئاڵنگاری دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت
پەیامی کورد   ...   مەسروور بارزانی : گەورەترین ئاڵنگاری دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت

یەکشەممە ١-٦-٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاھەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دھۆک بەڕێوەچوو.

لە ئاھەنگەکەدا، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ووتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا.

ئەمەش دەقی ووتارەکەیە:

میوانە بەرێزەکان:

بەڕێزان ئەندامانی دەستەی ئەمینداران، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان، فاکەڵتی و ستاف و دایک و باوکانی سەربەرز، دەرچووانی ساڵی ٢٠٢٥، ئێوارەتان باش، شەڕەفێکی گەورەیە، ئەمڕۆ وەک سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لێرە لەگەڵتانم.

ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە نەک تەنھا بۆ ئاھەنگگێڕانی سەرکەوتنی ئاکادیمیتان کە بە ھەوڵ و ماندووبوون بەدەستتان ھێناوە، بەڵکوو بۆ ڕێزگرتنە لە پابەندی، سووربوون و دنیابینی ئەو کەسانەی ئێوەیان گەیاندە ئەمڕۆ.

بەناوی ئەندامانی دەستەی ئەمینداران و ھەموو کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە ھەمووتان دەکەم.

ئەم ئاھەنگەی ئەمڕۆ تەنیا بۆ ئەو دەستکەوتە ئاکادیمییە نیە کە بە ھەوڵ و کۆششێکی زۆر بەدەستتان ھیناوە، بەڵکوو ئەمە خاڵی وەرچەرخانە.

ئەمڕۆ ئێوە بە فەرمی پرۆسەی خوێندن تەواو دەکەن و دەچنە قۆناخی دەرفەت، بەرپرسیارێتی و بەدیھێنانی ئامانجەکانتان. ئێوە ئەندازیاری داھاتووی کوردستانن و ئەم گەشتەش، بەو شارەزایی و زانست و پەیوەندییانەی لە سەرەتای خوێندنتانەوە لە زانکۆی ئەمەریکی- کوردستان بەدەستتان ھێناون ، دەست پێبکەن.

زانکۆی ئەمریکی-کوردستان ھەنگاوی سەرەتا و سەکۆی درووستکردنی کاریگەرییەکی واتادارە لە کوردستان و ھەموو جیھان. دڵنیام ئەو بەھایانەی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە ئێوەدا چاندوویەتی، وەک حەزی زانین و زانیاری، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە، خولیا، ھاوکاری، خزمەتکردن و ڕاستگۆیی، دەبنە رێ نیشاندەرتان و ھاندەرتان دەبن، وەک چۆن پاڵنەردەبن بۆ ھاوڕێ و ھاوپیشەکانتان.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان دەستمان بە چاکسازی کردووە. ئەم چاکسازییانە تەنیا بیرۆکە نین، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری بەرچاویان دەبێت لەسەر باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی کوردستان. ئێمە خۆشگوزەرانی و گەشەی ئابوورییەکی گشتگیر بەدیدەھێنین و کوردستان بە بازاڕی ھەرێمی و نێودەوڵەتی دەبەستینەوە.

دوایین سەردانیشم بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرەتای قۆناخێکی زۆر باش بوو بەم ئاراستەیەدا، ئێمە پابەندبوونی ھاوبەشیی بەردەوامی خۆمان کە بەھاکانی لە پشتە، لەگەڵ حکوومەت و گەلی ئەمریکا دووپاتکردەوە، پەیوەندییەک لە ساڵی ١٩٩٠ەوە بەشێوەیەکی زۆر باش گەشەی سەندووە. لەو سەردانەمدا، گرێبەستی ستراتیژیمان لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمریکا لە بواری وزە واژۆ کرد، کە دەبێتە داینەمۆی گەشەی ئابووری و وەبەرھێنان و داھێنان. لەوەش گرینگتر دەرفەتی کاری زۆر باش و ئاست بەرز، لە سێکتەرە جیاوازەکانی کوردستان دەڕەخسێنن، ئەو دەرفەتانەی کە زۆر باش لەگەڵ شارەزایی و خولیا و ئامادەییتان بۆ پێشەنگی دەگونجێن.

بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، کوردستان ئەو پێشکەوتنەی نیشاندا کە ئەو سەربەخۆیی یە ئابوورییەی بەدەستمان ھێنا، بەھۆی نەوتەوە نەبووە، بەڵکوو دنیابینیەکی ئابوورییانەیە کە لەسەر بنەمای پەرەپێدانی کەرتە نانەوتییەکان وەک بانکی و کشتوکاڵی داڕێژراوە،. لەڕاستیدا ئێمە لەسەر بنەمای ئەم دنیابینیە بەردی بناخەی کوردستانێکی بەھێزتر و خۆڕاگر دادەنێین. لە ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێگا سەرەکییەکان درووستکراون، سیستەمی دابینکردنی ئاو بەشێوەیەکی باش فراوانکراوە، بەندئاوی نوێ بۆ پاراستنی داھاتوومان درووستکران.

ئێمە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانێکی مۆدێرن نەک تەنیا بۆ ئەمڕۆ، بەڵکوو بۆ نەوەکانی داھاتووش دەستەبەر دەکەین. وەک بەشێکی سەرەکی ئەم پێشکەوتنە، پابەندین بە دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام لەڕێگەی (پرۆژەی ڕووناکی)یەوە و یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانمان دەگۆڕین بۆ گەورەترین دەستکەوت، ئەویش بە ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و بەھێزکردنی پیشەسازی و بەجێگەیاندنی بەڵێنی کوردستانێکی گەش و ڕووناکتر.

بۆ نوێکردنەوە و مۆدێرنکردنی سیستمی بانکیمان، دەستپێشخەری (ھەژماری من)مان ڕاگەیاندووە، کە ھاوشێوەی نیە لە ناوچەکەمان. ئەم پڕۆژەیە ھاوکاری ھاووڵاتییان دەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بگات بە بانکی دیجیتاڵی و باشترکردنی شەفافیەت و ھاندان و فراونکردنی کولتووری کارسازی و بەرپرسیاریەتی.

لە کرۆکی ئەم پێشکەوتنە ھێزێکی پاڵنەر ھەیە: ئەویش تەکنۆلۆژیایە. زیرەکی دەستکرد و گواستنەوەی دیجیتاڵی، چیتر بیرۆکەی دەست پێڕانەگەیشتوو نین، ئەوان ئێستا بەردەستن و دەبنە ھۆی وەرچەرخان لە ئابووری و کۆمەڵگەکەشمان. ھەربۆیە وەبەرھێنان لە ناوەندەکانی داھێنان و ھاندانی ھاوبەشی لەنێوان زانکۆ و کەرتی تەکنۆلۆژیادا دەکەین. ھانی ھەمووتان دەدەم بە تامەزرۆییەوە سەرقاڵی ئەو بوارانە بن و کوردستان بکەنە بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕشی زیرەکی دەستکرد لە جیھان.

تواناکانی خەڵکی ئێمە، تەنیا لە ڕێگەی سیستەمێکی تەندرووستی بەھێز و متمانەپێکراوەوە دەردەکەون، ئەمەش لە شارەزا و کەسانی پیشەیی و بەبەزەیی لە بواری تەندرووستی دا دەست پێدەکات، کە بناخەی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و بەرھەمھێن دادەنێن. لە زانکۆی ئەمریکی - کوردستان، پرۆگرامێکی پەرستاریمان ھەیە، نەک تەنیا بەگوێرەی ستاندارە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکوو وەک مۆدێڵیک لە ناوچەکەدا خزمەت دەکات. ئەمرۆ دەستکەوتێکی مێژوییە: شانازی دەکەم یەکەم گرووپی دەرچوانی پەرستاری دەبینم، کە ھەریەکەیان بە سکۆڵەرشیپی تەواو پشتگیری کراون. ئەوان زیاتر لە دەستکەوتێکی ئاکادیمین، ئەوان ھیواکانمان بۆ کوردستانێکی پێشکەوتوو و تەندرووستتر بەرجەستە دەکەن. پابەندی ئێمە لێرەدا کۆتایی نایەت، بەڵکوو وەبەرھێنان لە پەرەپێدانی پرۆگرامی پیشەیی پەرستاری بۆ بەھێزکردنی راھێنانی پەرستاری دەکەین و ھاوکاریان دەبین لە بەدەستھێنانی ئەو شارەزاییەی کە پێویستیانە بۆ باشترکردنی سیستمی تەندرووستی لە کوردستان و عێراق .

با ئەو بنەما سەرەکییانە لەبیر نەکەین کە دەبنە ھۆی گەشەپێدانی تەکنەلۆجیا و گەشەسەندنی ئابووری و داھێنان، ئەویش، سیستەمی خوێندن و پەروەردەمانە. کارنامەی چاکسازییەکانمان لە بواری پەروەردە بەردەوامە و وەک ھەمیشە پابەندین بەوەی بە سیستەمی پەروەردەماندا بچینەوە و میکانیزمەکانی دڵنیایی جۆریی بەھێز بکەین، ئەمەش لە ڕێگەی گرتنەبەری چاکسازی کارگێڕی و دانانی ئامانجی پێوانەیی بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی کاریگەری دامەزراوە پەروەردەییەکان. لە ھەمانکاتدا، باشترکردن و بەھێزکردنی ئاستی قوتابیانمان، لە پێشینەی کارەکانمانەوەیە و فێرکردنی قوتابیانمان چەقی گرنگیدانمانە.

لە ڕێگەی ئەو ستانداردە نیشتمانییانە کە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامانناون، دەرگامان لەبەردەم کاری ئەکادیمی سەربەخۆ کردووەتەوە و پشتیوانی دامەزراوەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی کارگێڕی و دارایی یەوە ، خۆیان بەڕێوەبەرن. ئەمە گۆڕانێکی ستراتیژییە کە داھێنان دەکاتە کرۆکی سیستەمی پەروەردەمان. ئامانجی ئێمە ڕوونە: دەمانەوێت نەتەوەیەکی زانست خواز بنیات بنێین، نەتەوەیەک، بەدرێژایی ژیانی بەدوای فێربوونەوە بێت و نایابی و یەکسانی لە دەرفەتدا، ببنە نەریت.

وەک دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان، کە یەکێکە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی کوردستانە، ئێوە لەناو ئەو باشترینانەدان کە ساز و ئامادەن بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئەم گۆڕانکارییە. داواتان لێدەکەم لە کارەکانتاندا، ئەوپەڕی ئێتیک و پێوەری ئەخلاقی پیشەیی ڕەچاو بکەن. ناسنامەی خۆتان و نیشتمانەکەتان لە ناو دڵتان دا بێت، تەنانەت ئەوکاتانەش کە لە جیھاندا بەدوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێن. خزمەتی ئەو نەتەوە و نیشتیمانەت بکە کە لەم گەشتەی ژیانتدا، پشتیوانی کردی. بە مانای وشە ھاووڵاتی بن، ئەو ھاووڵاتیانەی خزمەت دەکەن و کۆمەڵگەکەیان دروست دەکەن و سەری دەخەن.

با بەبیرتانبێنمەوە، سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی، لە دەستنیشانکردنی ئامانجەوە دەست پێدەکات: مەترسن و بەردەوامبن لە گەیشتن بە خولیاکانتان، بەڵام ھەرگیز ئەو بەھایانە لەبیر نەکەن کە ئێوەیان گەیاندە ئێرە.

ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر، کوردستان پێویستی بە وزە و بیرۆکە و سەرکردایەتی ئێوەیە.

وەک نەوە دوای نەوەکانی پێشمەرگەکانمان، کە قارەمانانە شەڕیانکرد و قوربانی زۆریاندا بۆ پاراستنی خاک و ووڵاتمان، وەک خاوەن دیدگاکانمان کە دامەزراوەکانمانیان درووست کرد، وەک ھەموو ئەو ھاووڵاتییانەی بێ وچان و ماندووبوون ڕۆژانە بۆ بەھێزکردن و خزمەتکردنی نەتەوەکەمان تێدەکۆشن، ئێوەش پێویستە ئەم چرایە ھەڵگرن و بۆ پێشەوە بڕۆن.

دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووانی ٢٠٢٥ دەکەم.

ئەم بابەتە 19 جار خوێندراوەتەوە