نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبووه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبووه‌وه‌
پەیامی کورد   ...   نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبووه‌وه‌

دووشەممە 2025/2/17 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە مه‌جید ته‌خت ڕه‌وانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆمارى ئیسلامی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد

لە كۆبوونەوەیەكدا جەختیان له‌ بره‌ودان به‌ پەیوەندییەكانی كۆمارى ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و فراوانكردنى هاوكاری هاوبه‌شى نێوانیان له‌و بوارانه‌دا كرده‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌ردوولا گرینگن، به‌تایبه‌تى بوارى ئابوورى. هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى به‌ڕێوه‌چوونى ڕێككه‌وتنى عێراق و ئێران بۆ پاراستنى ئاسایشى سنووره‌كان و ڕۆڵ و هاوكاری هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە خوازیاری ئەوەیە فاكتەری ئارامی و سەقامگیری بێت لە ناوچەكەدا و بە هیچ شێوەیەك نابێتە سه‌رچاوه‌ى هەڕەشە و ناسەقامگیری بۆ ووڵاتانی دەورووبەر، هه‌روه‌ها باسى لە گرینگی پەیوەندی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش كرد.

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ڕێزان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، له‌ لێدوانێكى هاوبه‌شى ڕۆژنامه‌وانیدا، باسیان له‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ووتى:

بە گەرمی بەخێرهاتنی ئاغای دكتۆر مەجید ته‌خت ڕه‌وانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم. جەخت لە گرینگی پەیوەندی مێژوویی مان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەینەوە كە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژوەندی هاوبەش دامەزراوە. كۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە هاوبەشێكی گرینگ بووە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ عێراق، پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیرییەكانیان لە قۆناغە جیاجیاكاندا دەردەبڕین و سوپاسیان دەكەین.

ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە كە پەیوەندی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری ناوچه‌كه،‌ زۆر پێویست و گرینگە‌. عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک له‌گه‌ڵ ووڵاتانى دراوسێ به‌ تایبه‌تى كۆمارى ئیسلامى بونیات بنێن لەسەر بنەمای ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا.

جەخت لەسەر گرینگی بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەشی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ینه‌وە لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوكاری هاوبەش لە هەموو بوارە جیاجیاكاندا، لە بواری ئابووری و بازرگانی و فەرهەنگی و لە بواری ئەمنیدا.

دووپاتی دەكەینەوە كە هەرێمی كوردستان فاكتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەكە و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ووڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران".

لەم دیدارەدا جەختمان كردۆتەوە لەسەر بەرەوپێش بردنی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران دا و دووپاتمان كردووه‌تەوە لە پابەندبوونی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو میكانیزمەی كە دانراوە لەڕووی ئەمنییەوە كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك عێراق بەتایبەتی هەرێمی كوردستان نەبێتە سەرچاوەیەكی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران. دووبارە زۆر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران دەكەین كە ئەمە یەكەم جاریەتی تەشریف دەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان، زۆر بە خێر بێیت بە سەر چاو.

دواتر جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ووتەیەكدا ووتی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، زۆر دڵخۆشم لەوەی كە ئەمڕۆ دەرفەتێك دروست بوو و ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە هەرێمی كوردستانی عێراق. من بۆ گفتوگۆی سیاسی كە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی عێراق هەمانە، دوێنی سەردانی بەغدام كرد و دانووستانێكی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا هەبوو لە بوارە جیاوازەكاندا لەنێوان هەردوو ووڵاتی دراوسێ كە هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە، هەروەها پرسێكی زۆر هەیە كە گفتوگۆی لەسەر بكەین و ئەو ڕوانگە باشانەی كە لە بەغدا هەبوون.

ئەمڕۆ بەیانییش لە هەولێرم و گفتوگۆی باشمان هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مەسعوود بارزانی و مەسروور بارزانی و ئێستاش لە خزمەت نێچیرڤان بارزانى ـ دام و زۆر سوپاسی پێشوازیكردنی گەرمی ئەوان لە ئێمە دەكەین.

زۆر بواری باش گفتوگۆمان لەسەر كرد وەك دوو ووڵات، ووڵاتانی دراوسێ عێراق و ئێران، هەروەك ڕام گەیاند هاوبەشییەكی زۆرمان پێكەوە هەیە و لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش دا بە هەمان شێوە هاوبەشییەكی زۆری كولتووری، ئایینی، زمانی، مێژوویی و شارستانیمان هەیە و هەموو ئەوانە هاوكاریمان دەكەن كە پەیوەندییەكانمان زیاتر لە جاران بەهێز بكەین، لە زۆر بواری جیاوازدا هاوكاریمان هەیە بەتایبەت لە بواری ئابووری و زۆر كاری دیكە دەتوانین ئەنجامی بدەین.

لە گفتوگۆكانماندا لە هەولێر، بەتایبەتى باسمان لە پرسی ئابووری لەگەڵ ووڵاتی دراوسێ كرد، هەروەها بە شێوەیەكی سرووشتی ئێمەش هەر لەم چوارچێوەیەدا كارەكانمان بەردەوام دەبێت لە بواری گەشتیاری و ئەزموونی كار لەنێوان هەردوو حكوومەتدا. بواری زۆر باش هەیە كە دەتوانین بەكاری بهێنین بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی گەلانی هەردوولا.

هەروەها بابەتی ئاسایشیش یەكێك لەو بابەتانە بوو كە گفتوگۆمان لەسەر كردووە و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و پێمان وایە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە. ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق ئاسایشی ئێمەیە و دەبێت دەست بدەینە دەستی یەكتری و ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەیە بتوانین چارەسەری بكەین.

جارێكی دیكە سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ ئەو پێشوازییەی كە لە ئێمەیان كرد و هیوادارین كە ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام بن.

ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە