وه‌زیری ناوخۆ : تکایە بۆ زۆرکردنی بینەر بەدوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون

وه‌زیری ناوخۆ : تکایە بۆ زۆرکردنی بینەر بەدوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون
پەیامی کورد   ...   وه‌زیری ناوخۆ : تکایە بۆ زۆرکردنی بینەر بەدوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ئازادی ڕادەبڕین و دەست ڕاگەیشتن بە زانیارییەکان بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسان. ووتیشی: تکایە بۆ زۆرکردنی بینەر و فۆڵۆوەر بەدوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون، بەڵکوو بۆ چارەکردنی کێشەکان بەدوای ئەو ڕووداوانە بکەون.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕاگەیاندن وەکوو پێناسەی خۆی دەسەڵاتی چوارەمە، هەروەها لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە ڕێز لێگیراوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندە بە ئازادی ڕادەبڕین و گەیشتن بە زانیارییەکان بۆ هەموو رۆژنامەنووسان.

ووتیشی : ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم کاری لەسەر دەکرێت، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕاگەیاندنەکان ڕەخساندووە، هەروەها ڕۆڵی ڕاگەیاندن زۆر گرینگە کە هەم ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بپارێزێت، هەمیش زانیاری پێویست بگەیەنێتە کۆمەڵگە و ئەو دیاردە ناشرینانەش دەست نیشان بکات، تاوەکوو چارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، پرسیارەکە ئەوەیە دەبێت بەچ شێوازیک ڕووماڵی ئەو بابەتانە بکرێت، کەسمان دژی ئەوە نەبووین کە ڕاگەیاندن باسی ئەو ڕووداوانەی ڕۆژانی ڕابردوو بکات، بەڵام دیاردە نەشازەکان بخرێتە بەر دیدی هەموو لایەک بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە.

دەشڵێت: داوامان لە ڕاگەیاندنەکان ئەوەیە، تکایە بۆ زۆرکردنی بینەر و فۆڵۆوەر بەدوای ڕووداوەکانی کوشتن مەکەون، بەڵکو بۆ چارەکردنی کێشەکان بەدوای ئەو ڕووداوانە بکەون، تکایە ڕۆڵی پۆلیس و داواکاری گشتیی و پزیشکی دادوەری مەبینین، یان لە بەرنامەکانتان بە ڕاستەوخۆ لەگەڵ تاوانباران قسە مەکەن. چونکە دەبێتە ڕێگە خۆشکەر بۆ ئەوەی تاوانبار پاساو بۆ تاوانەکەی بهێنێتەوە.

ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە