وەزیری تەندرووستی : سەرۆکی حکوومەتی ههرێم بوودجەی بۆ زیادکردووین

پەیامی کورد ... وەزیری تەندرووستی : سەرۆکی حکوومەتی ههرێم بوودجەی بۆ زیادکردووین
وەزیری تەندرووستی ھەرێم دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری نەخۆشانی عێراق دێن لە ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن، بەڵام حکوومەتی عێراق لە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی ھاوکاری ھەرێمی کوردستان ناکات، سەرەڕای ئەوەی سەرجەم داواکارییەکانمان گەیاندووەتە حکوومەتی عێراق، بەڵام تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکیان نەناوە بۆ ھاوکاری و چارەسەری کێشەکان.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ھەر خزمەتگوزاریەک لە بوودجەی حاکیمە دابندرێت پێویستە بۆ ھەموو عێراق و ھەرێمی کوردستان بێت، بۆیە دوای ھەوڵێکی زۆر ئەوەی بۆ ئێمە ڕەوانە دەکرێت دەرمانە ئەویش لە باشترین حاڵەت پشکی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٥٥%ی ڕەوانە دەکرێت ئەوەی دیکە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان حکوومەتی ھەرێم بۆمان دابین دەکات و بوودجەی بۆ ئێمە زیادکردووە و کێشەی پێداویستی پزیشکی لە پێداویستی بچووک تا ئامێری پزیشکی، بۆ نموونە سۆنەر تا ستی سکان کە ھیچی لە عێراق بۆ ئێمە دابین ناکرێت پێویست بوو لە بوودجەی ٢٠٢٣و٢٠٢٤و٢٠٢٥ پشکی ھەرێمیش دابین بکرێت، بەڵام عێراق پشکی ھەرێم نادات، بۆیە پێویستە خزمەتگوزاری تەندرووستی بۆ ھەمووھاووڵاتیەک دابین بکرێت وەکوو چۆن بۆ عێراق دابین دەکرێت.
وەزیری تەندرووستی دەشڵی، پێداویستی نەخۆشی شێرپەنجە لە باشترین حاڵەت نزیکەی ٢٠%ی بۆ ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و ٨٠%ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابینی دەکات کە ٤٠%ی نەخۆخشانی شێرپەنجە لە عێراق بۆ ھەرێمی کوردستان دێن بۆ چارەسەرکردن و ئاوارەکانیش بەھەمان شێوە خزمەتگوزاری تەندرووستیان بۆ دابین ناکرێت لەلایەن عێراق ئەویش حکوومەتی ھەرێم بۆیان دابین دەکات، بۆیە غەدر لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت لە دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تەنانەت ھەڵەبجە وەکو پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت.
دکتۆر سامان بەرزنجی ووتیشی، ئێمە سەرجەم داواکاری لە بواری تەندرووستی داوامانە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڵێن دراوە بۆ ئەوەی لیژنەیەک پێکبێت بۆ داواکاریەکان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ھیچ ھەنگاوێکی بۆ نەندراوە، بۆیە کاتێک پێداویستی بۆ عێراق تەرخان دەکرێت پشکی ھەرێمی کوردستان لێ دەردەھێندرێت و دابین ناکرێت، هەروەها لە ھەموو خزمەتگوزارییەکان ھەرێمی کوردستان بێ بەش دەکرێت، کە پارساڵ ٧٧٠ ھەزار منداڵ لە ھەڵمەتی کوتان بەشداربوون تا ئێستا شایستە داراییەکانی پزیشک و کارمەندانی تەندرووستی و شۆفێرەکانیش نەدراوە و شاندیش چۆتە بەغدا، بەڵام نەدراوە و پێویستە مافی خەڵک بدرێت.
وەزیری تەندرووستی باس لەوەش دەکات، لە ساڵی ٢٠١٤ کاتێک ئاوارەکانی عێراق ھاتنە ھەرێم ئەوکات سەرۆک بارزانی باسی لەوەکرد پێویستە وەکوو ھاووڵاتی ھەولێر خزمەتگوزاری پێشکەشی ئاوارەکان بکرێت و مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام بەغدا بەوشێوە مامەڵە ناکات، کە ژمارەیەکی زۆری کەمپ لە ھەرێم ھەیە بەتایبەت لە دھۆک پێویستی بەھاوکاری ھەیە عێراق خۆی نەکردۆتە خاوەن لێی سەرەڕای ئەوەی داواکاریمان گەیاندووە بۆ سەرۆکوەزیران ولایەنەکانی پەیوەندیداری عێراق، بۆیە پێویستە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێت، بەڵام عێراق ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە، بۆیە سەرەڕای ئەوەش کەرتی تەندرووستی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق پێشکەوتووترە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پاڵپشتیکردنی کەرتی تەندرووستی بەردەوامەو درێغی نەکردووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق جیاوازی نەکات و ھاوکار بێت.
ئەم بابەتە 16 جار خوێندراوەتەوە




