سوپای لوبنان هۆشداری لە خۆپیشاندان دەدات

فەرماندەیی سوپا - بەرێوەبەرایەتی ئاڕاستەکردن، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری دەدات لە بانگەوازی تاکەکان لە سۆشیال میدیا بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتی، هەروەها بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بە ئامانجی هاندانی گرژی لەنێو هاوڵاتیاندا، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و دۆخی ناسکی ئەمنی لە لوبنان.
فەرماندەیی ڕێزگرتنی سوپای بۆ ئازادی ڕادەربڕینی ئاشتیانە دووپاتکردەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە بەرگەی هیچ پێشێلکارییەکی ئاسایش، پێشێلکردنی ئاشتی مەدەنی، داخستنی ڕێگاوبانەکان، یان دەستدرێژیکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت ناگرێت. داوای لە هاووڵاتیان و هەموو لایەنەکان کردووە لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرپرسیارێتی و یەکڕیزی هەڵبگرن، هەر هەوڵێک بۆ ئیستغلالکردنی بارودۆخی ئێستا بۆ ناسەقامگیرکردن یان بڵاوکردنەوەی دەنگۆ، ڕێکاری یاسایی گونجاوی لەگەڵدا دەگیرێتە بەر.
هاوکات چالاکوانانی شارۆچکەکانی ئەنساریە، ئەللوبیە، ئەدلون، ئەلسەکساکیە و ئەلسەرەفەند بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای ڕێپێوانی جەماوەرییان کرد لە دژی داماڵینی چەکی بەەرەی مقاوەمە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باشووری لوبنان لە ڕووداوێکدا شەش کەسی سوپا گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. ئەمەش بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنی کۆنەوە بوو کە لە شەڕی ئیسرائیلدا بەجێماوە. ڕوداوەکە لەکاتێکدایە کە تیمێکی ئەندازیاری سەرقاڵی هەڵوەشاندنەوەی گوللە کۆنەکان بوون لە ناوچەی نێوان شارۆچکەکانی مەجدەلزون و زێبقینێ سەر بە قەزای تایر.
لای خۆیەوە نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان وتی: لوبنان بە ئازارێکی زۆرەوە ماتەمینی شەهیدبوونی ئەندامانی سوپای ئازای خۆی لە باشوور دەگێڕێت لەکاتێکدا ئەرکی نەتەوەیی خۆیان جێبەجێ دەکەن. لوبنان وەک دەوڵەت و گەلێک کڕنۆش بۆ قوربانیدانەکانیان و خوێنی بەنرخیان دادەنێت، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە سوپا وەلڤەلی سەلامەتی و پارێزەری یەکگرتوویی میللەتە.
هەروەها ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل چوار مووشەکی ئاراستەی ئۆتۆمبێلێک کرد لە نێوان شارۆچکەکانی ئایتارون و ئایناتا لە باشووری لوبنان و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
هەروەها گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە بەرزاییەکی کەم بەسەر هەرمێل و نەباتیە و دەوروبەری تۆمارکراون و گەیشتوونەتە باشووری شاری و بەیروت.
ئەم بابەتە 360 جار خوێندراوەتەوە





