ترامپ هەواڵی پێدانی ٣٠ ملیار دۆلار بە ئێران ڕەت دەكاتەوە

پەیامی کورد ... ترامپ هەواڵی پێدانی ٣٠ ملیار دۆلار بە ئێران ڕەت دەكاتەوە
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ هەوڵی ئەوە دەدات بە ٣٠ ملیار دۆلار هاوکاری بونیاتنانەوەی بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی وزە بکات.
هەریەک لە تۆڕەکانی(سی ئێن ئێن) و (ئێن بی سی نیووز)، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو بڵاویان کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا گفتوگۆی ئەوەیان کردووە، چۆن بتوانن پشتیوانی ئابووری ئێران بکەن، لە بەرانبەر دەست بەردانی ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم.
لە ووڵامی ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیانە، ترامپ ئێوارەی دوێنێ هەینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس نووسیویەتی: "کێ ئەو درۆزنەیە کە لە میدیای ساختەدا دەڵێت:" ترامپ دەیەوێت ٣٠ ملیار دۆلار بداتە ئێران بۆ درووستکردنی دامەزراوەی ئەتۆمی ئاشتییانە، من هەرگیز بیرۆکەیەکی وا گاڵتەجاڕانەم نەبیستووە"، ووتیشی:" ئەوە خەڵەتاندنە.
پێش ئەوەش نووسیبووی:" ئەگەر ئێران هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم بداتەوە، جارێکی دیکە گورزی لێ دەوەشێنینەوە.
ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە




