لیژنەی نەوت و گاز : "ئیرادەیەکی باش بۆ چارەسەری کێشەکان هەیە"

لیژنەی نەوت و گاز : "ئیرادەیەکی باش بۆ چارەسەری کێشەکان هەیە"
پەیامی کورد   ...   لیژنەی نەوت و گاز : "ئیرادەیەکی باش بۆ چارەسەری کێشەکان هەیە"

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن و نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبکاتەوە، لە دوێنێوە گفتوگۆ دەستی پێکردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەیەکی نزیک بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بە کێشەی هەناردەی نەوت و نەناردەی مووچە بێت."

دکتۆر سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "شاندێکی حکوومەتی عێراق، لە وەزارەتی نەوت، دارایی، تەکنیکی و سیاسی پێکهاتووە، لە دوێنێوە دەستیان بە گفتوگۆ کردووە و بەردەوامن، چاوەڕێ دەکرێت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن، لە یەک نزیک بوونەتەوە، ئەو کێشانەی هەبوون زەحمەت نین چارەسەر بکرێن، چوونکە ئێستا ١١٠هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ بەکار دێت، حکوومەتی هەرێم دەتوانێت ٢٨٠هەزار بەرمیل بۆ ٣٠٠هەزار بەرمیل لەڕێگەی بەندەری جەیهان هەناردە دەکات، کە هەمووی دەکاتە ٤٠٠هەزار بەرمیل، خۆشی ڕێککەوتن بەو شێوەیە کراوە، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە تەواو بکرێت کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و مانگانە مووچە ڕەوانە دەکرێت، ماددەی ١٢ هەیە لە یاسای بوودجە باس لەوە دەکات دەستەیەکی ڕاوێژکاری بیانی بێن کاری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە، ئەمەش لەدوای ڕێککەوتن دێت."

دکتۆر سەباح سوبحی ووتیشی: "پێویستە عێراق دوو هەنگاو بنێت، ئەوانیش قەرزی کۆمپانیاکان بداتەوە و زەمانەتێک بۆ پێدانی پارەی ئەوان هەبێت، بۆیە ئەمجارە ئومێدێک هەیە، گفتوگۆکانیش زۆر درێژە ناکێشن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، چوونکە یاسا هەیە، ئێستا لەو خاڵەی پێشتر لێی وەستابوون دەست بە گفتوگۆ کراوەتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش نیەتێکی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت، ناکرێت تا هەشت مانگی دیکە خەڵک بێ مووچە بێت، هەرێمی کوردستانیش ئامادەیە هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەپیکۆریش ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، تەنها داوایان کردووە دوو خاڵ جێ بەجێ بکرێت، ئەوانیش دانەوەی قەرز و زەمانەتێک بۆ سەرفکردنی ١٦دۆلاری دەرهێنانی نەوت، بۆیە ئەم جارە ئیرادەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو کێشەیە بێت، بۆیە هیچ بەربەستێک لەبەردەم ڕێککەوتن نییە."

ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە