حەیدەر محەممەدی دوای شەش کاتژمێر لە دەست بەسەرکرانی لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

حەیدەر محەممەدی دوای شەش کاتژمێر لە دەست بەسەرکرانی لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا
پەیامی کورد    ...   حەیدەر محەممەدی دوای شەش کاتژمێر لە دەست بەسەرکرانی لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا

لاوێکی خەڵکی خوڕەم ئاوا بە ناوی حەیدەر محەممەدی (حەسەن وەند) چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانەكەی لەم شارە و گواستنەوەی بۆ دستبەسەرگەی دەزگای زانیاری شاری نەهاوەند لە پارێزگای هەمەدان، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە گیانی لە دەست دا. 

بە پێی ڕاپۆرتێک ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەمە، حەیدەر محەممەدی (حەسەن وەند) لاوی تەمەن ٣٧ ساڵی سەڵت و خەڵکی خوڕەم ئاوا لە دەستبەسەرگەی دەزگای زانیاری نەهاوەندی سەر بە پارێزگای هەمەدان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە گیانی لە دەست دا. 

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی محەممەدی لەم بارەوە ڕاگەیاند: "کاتژمێر ٩ی بەیانی هێزەکانی دەزگای زانیاری نەهاوەند بە هاوکاری هێزەکانی دەزگای هەواڵگری خوڕەم ئاوا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی حەیدەر محەممەدی و ناوبراویان لە پێش چاوی خوشک و دایکە بەساڵاچووەکەی بە تووندی داوەتە بەر لێدان و دەستبەسەریان کردووە. 

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا ووتیشی کە حەیدەر حەسەن وەند دوای گواستنەوەی بۆ دەزگای زانیاری نەهاوەند لە لایەن هێزەکانی ئەم ناوەندە دراوتە بەر لێدان و کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ پەیوەندیان پێوە گرتووین کە حەیدەر گیانی لەدەست داوە و بێن تەرمەکەی وەرگرنەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە تەرمی حەیدەر محەممەدی لە کاتێکدا کە بە سەختی ئەشکەنجە درابوو و شوێنی شینبوونەوە لەسەر جەستەی دیار بووە بە بنەماڵەی دراوەتەوە و ئیزنیان نەداوە وێنە و ڤیدیۆ لە پەیکەرەکە بگرن. 

یەکێکی دیکە لە نزیکانی بنەماڵەی محەممەدی وتوویەتی کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی حەیدەر محەممەدی تێکەڵچوونی چەند ڕۆژ پێشی ناوبراو لەگەڵ هێزەکانی دەزگای زانیاری لە گەورەرێێ هەمەدان بووە.
 

ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە