دێرمر و شیبانی لە لەندەن تاوتوێی ڕێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل دەکەن

دێرمر و شیبانی لە لەندەن تاوتوێی ڕێککەوتنی سوریا و ئیسرائیل دەکەن


پەیاما کورد- دیمەشق
لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیجی ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لە لەندەن، ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا باسی لە ڕێکخستنەکانی کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان کرد لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی جیابوونەوە لە ساڵی ١٩٧٤.
ڕۆژی چوارشەممە، ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆک کۆماری سوریا لە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییەکاندا ڕایگەیاند، "دانوستاندنە ئەمنییە بەردەوامەکان لەگەڵ ئیسرائیل ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەنجامەکانی لێبکەوێتەوە".
سەرچاوەیەکی حکومەتی سوریا بە کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاند کە "پێشنیارەکەی سوریا کشانەوەی ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە لە دوای 8ی کانونی یەکەمەوە داگیری کردووە، هەروەها جێگیرکردنی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی خۆپەرکێشان لە ناوچەی پارێزراودا دیاریکراوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازی سوریا جەخت لەوە دەکاتەوە "یەکپارچەیی خاکی سوریا دابەشنەکراوە و جێی مشتومڕ نییە".
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، "تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا بەشداریی لە کۆبوونەوەی نێوان شیبانی و دێرمر لە لەندەن کردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی سوریا لە کۆبوونەوەی لەندەن وەڵامێکیان بۆ ڕێککەوتنە ئەمنییە پێشنیار کراوەکە خستۆتەڕوو و گفتوگۆکان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.

ئەم بابەتە 27 جار خوێندراوەتەوە