عێراق و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هاوبەش واژۆ دەکەن

عێراق و تورکیا ڕێککەوتن لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی هاوبەش واژۆ دەکەن

 

فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕێککەوتن کراوە.
ئەم ڕاگەیاندنە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا هات کە لەلایەن فوئاد حسێن و هاکان فیدان لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدا بەڕێوەچوو.
لە میانی کۆنفرانسەکەدا، حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە "پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا مێژوویین و ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی پرسی ئاوە، کە نوێنەرایەتی ئەولەویەتێکی هاوبەشە بۆ هەردوو وڵات".
ڕوونیشیکردەوە، 26 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنە نوێیەکە "پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی ئاوەوە هەیە" و میکانیزمەکانی دابەشکردنی دادپەروەرانە و هاوسەنگی سەرچاوەکانی ئاو ڕێکدەخات.
لای خۆیەوە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتنی ئاو لەگەڵ عێراق یەکەم ڕێککەوتنە لە جۆری خۆی لە نێوان هەردوو وڵاتدا، جەختیشی کردەوە لەسەر پشتیوانی تەواوی وڵاتەکەی بۆ بەغدا لە بابەتی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە.
فیدان ئاماژەی بەوەشکرد "لە بەغدا گفتوگۆمان کرد لەسەر کاری هاوبەش لە بوارەکانی ئاو و بازرگانیدا، ئەو ڕێککەوتنەی ئەمڕۆ واژۆی دەکەین سەبارەت بە ئاو ڕێگە خۆشدەکات بۆ چاکسازی لە ژێرخانی ئاودا" ئاماژەی بەوەشکرد "ئەمڕۆ ژمارەیەک ڕێککەوتنی دیکە واژۆ دەکرێن بۆ بەرزکردنەوەی هاوکاری ئابووری و گەشەپێدان".

ئەم بابەتە 10 جار خوێندراوەتەوە