لە نێوان پەنابەران و ئەفسەرانی هەڵهاتوو: لوبنان لە دڵی هاوکێشەی نوێی سوریا
لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لوبنان خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی نوێ بووەوە، کە جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ ئەو قەیرانەی کە بەهۆی شەڕی چواردە ساڵەی سوریاوە ڕوویدا، کە لە ئەنجامدا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو سوری هاتنە ناو خاکەکەیەوە- نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانەکەی. ئەم قەیرانە نوێیە لە لێشاوی هەزاران ئەفسەر و سەرباز لە سوپای پێشووی سوریاوە بۆ ناو لوبنان لە دوای ڕووخانی ڕژێم لە دیمەشق سەرچاوەی گرتووە. سەرچاوە ئەمنییەکانی سوریا ژمارەیان بە نزیکەی شەش هەزار کەس خەمڵاندووە، کە لە دوای هەرەسهێنانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی نایاسایی سنوورەکانیان بەزاندووە. لەو کاتەوە هەندێکیان وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە و زۆربەیان لە لوبنان ماونەتەوە.
ئەم پێشهاتە سێبەرێکی دوور و درێژی خستۆتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی لوبنان و حکومەتی نوێی سوریا، بەتایبەتی کە دیمەشق بە فەرمی داوای ڕادەستکردنەوەی چەند ئەفسەر و سەربازێکی کردووە کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، کاردانەوەی ئەمنی ئەم ئامادەبوونە دەستی بە دەرکەوتن کردووە. دەسەڵاتدارانی لوبنان ٢١ ئەفسەر و سەربازی فیرقەی چواریان دەستگیرکردووە، کە دانیان بەوەدا ناوە کە لە ڕێگەی دەروازە نایاساییەکان لە دۆڵی بێکاع و چیای حەرمون چوونەتە ناو لوبنان. هەروەها سوپای لوبنان چەندین هەڵمەتی لە ناوچەی بێکاع و زەحلەی ڕۆژئاوا ئەنجامدا و لە ئەنجامدا دەست بەسەر چەک و تەقەمەنی و ماددەی هۆشبەردا گیرا کە لە دەستی سورییە دەستبەسەرکراوەکاندا بوون. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەگەری زۆرە بارودۆخی ئەمنی بە تێپەڕبوونی کات ئاڵۆزتر بێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نائارامییە بەردەوامەکانی سوریا.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، دەسەڵاتی دادوەری لوبنان داواکارییەکی فەرمی لە دەزگایەکی دادوەری ئەوروپیەوە پێگەیشت بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی چەند ئەفسەرێکی پلە باڵای ڕژێمی پێشووی سوریا. ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەیان کراوە بریتین لە هاوبەشیکردن لە ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، بە پشتبەستن بە فایل و بەڵگەنامە و ئیفادەکان کە پێشێلکارییە بەرفراوانەکانیان بەڵگە کردووە کە لە ساڵانی جەنگدا ئەنجامدراون.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی لوبنان دەرکەوت کە هەندێک پەیوەندی تەلەفۆنی لە ناوخۆی لوبنان بە بەردەوامی بە کەسە داواکراوەکان دەکران. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەسەڵاتداران ئەرکی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی بەرفراوان بخەنە ئەستۆی دەزگا پەیوەندیدارەکان وەک ئامادەکارییەک بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی گونجاو.
ئەم دەستێوەردانە نێودەوڵەتییە لە دۆسیەی ئەفسەرە هەڵاتووەکانی سوریادا، گوزارشت لە خواستێکی ڕوونی نێوان پایتەختەکانی ڕۆژئاوا دەکات بۆ دووبارە دانانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا، هاوکات هەوڵدەدرێت کاریگەریی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو کەمبکرێتەوە. لەناو ئەم گرژیانەدا، لوبنان خۆی لەبەردەم تەحەدایەکی دوولایەنەدا دەبینێتەوە، ئەویش پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەی و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورە سیاسی و دادوەرییەکانی لە بابەتێکی زۆر هەستیاردا کە ڕەنگە قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق لە قاڵب بدات.
لینا ڕەشید - لوبنان
ئەم بابەتە 5 جار خوێندراوەتەوە