هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت لەلایەن حکومەتەوە لە دێرەزوور هێرشیان کراوەتە سەر

ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، هێزەکانیان کە لە لادێکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور جێگیرکراون لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی ئینتقالی سوریاوە هێرشیان کراوەتە سەر.
هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "هێزەکانمان کە لە کەناری ڕووباری فورات لە نزیک پردی ئەلعەشارە لە شارۆچکەی دەرنەج لە لادێی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور جێگیر بوون، ڕاستەوخۆ لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە هێرشیان کرایە سەر".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانمان دەستیانکردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی مەیدانی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات ئاماژەی بەوەدا کە "شەر و ئالۆزی هێشتا بەردەوامن لە کاتی ئامادەکردنی ئەم بەیاننامەیەدا".
حکومەتی سوریای بە بەرپرسیار زانی لە هێرشەکە و وتی: ئێمە جەخت لەسەر بەرپرسیارێتی تەواوی حکومەتی دیمەشق دەکەینەوە بۆ ئەم ئامانجکردنە، هەروەها بۆ ئەو توخمانەی کە داپۆشینی ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی دابین دەکەن کە سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن.





